تەندروستی

چۆن خواردن بدەین بە منداڵ لە تەمەنی 6 مانگییەوە

🔴 ئەم بابەتە زۆر وردەكاریی تێدایە، هەوڵئەدەین بە شێوەیەكی ئاسان باسی بكەین، لەم پۆستە باسی خواردنی منداڵی 6 مانگ بۆ 12 مانگ ئەكەین، سەرەتا پێویستە ئەم زانیارییانەمان هەبێت:

باسک نێت – تەندروستی

۱- خواردنی منداڵ دەبێت بە بڕێكی كەم دەست پێبكەین و ووردە ووردە بڕەكەی زیاد بكەین.

۲- نابێت لە یەك كاتدا بە چەند جۆرە خواردنێك دەست پێبكەین، سەرەتا بە یەك خواردن دەست پێئەكەین بۆ 4-7 رۆژ گەر خواردنەكەی پێكەوت و هەستاری پێنەبوو، ئەوا جۆرێكی تری خۆراكی بۆ زیاد ئەكەین بۆ 4-7 رۆژ، گەر پێی هەستیار بوو یان هەستت كرد رەدی ئەكاتەوە ئەو جۆرە خوراكەی مەدەرێ، بەو شێوەیە جۆری خواردنی بۆ زیاد ئەكەی هەتا خواردنەكەی ئەبێتە هەمەجۆر.

۳- پێویستە خواردنەكان فرێش و تازە بن.

٤- ئەگەر هەستمان كرد خواردنێك لەسەرەتادا رەتئەكاتەوە ئەبێ زیادكردنی ئەم جۆرە خواردنە دوابخەین.

۵- ئەگەر هەستمان كرد هەستیارە بە خواردنێك ئەبێ پێی نەدەین. (نیشانەكانی هەستیاری : هێڵنج و رشانەوەی تووش بوو یان سكچوونی توش بوو یان پێستی منداڵەكە سوور بووەوە).

٦- پێویستە خواردنەكە بكرێ بە شێوەی شۆربا ئینجا بە كەوچكی بچووك پێی بدرێت.

۷- نابێ تا تەمەنی ساڵ خوێ بكرێتە خواردنی منداڵەوە (لە بابەتێكدا باسمان كردووە).

۸- ئاساییە شیر خواردنی منداڵەكە تۆزە تۆزە كەم ببێتەوە، چونكە لەبری ئەو بڕە شیرە خواردن ئەخوات.

۹- میوە بە عەسارە ئەبێ بكرێ بە شەربەت تا ئەو تەمەنەی ئەتوانێ قەپی لێ بگرێ و بیجوی و قووتی بات.

۱٠- سەوزەو بابەتەكانی سەوزە ئەبێ جوان بكوڵێ ئینجا بهاڕێ تا ئەو تەمەنەی مناڵەكە ئەتوانێ قەپ بگرێ و بیجوێ و قووتی بات.

۱۱- دەبێت بە دانشتنەوە خواردن بدرێ بە منداڵ.

۱۲- هەتا تەمەنی 8 مانگی رۆژانە یەك ژەم خواردن لەگەڵ یەك ژەم شەربەتی میوە، لە 8 بۆ 10 مانگییەوە بیكە بە دوو ژەم خواردن لەگەڵ یەك ژەم میوە. هەر ژەمەی ئەوەنەی بدەرێ كە خواردی، واتا كە تێر بوو زۆری لێ مەكە تا بخوات. گەر داوای ژەمی تری خواردنی كرد ئاساییە بیدەرێ.

🔴 لەتەمەنی 6 مانگیدا (كە تەمەنی منداڵ بوو بە 6 مانگ) پێویستە بە شۆربای برنج دەست پێبكەیت (برنجی هاڕاو)، گەر پێیكەوت شۆربای بۆ دروستبكە لەو خواردنانەی كە لە خوارەوە باسمان كردووە ئەتوانی لەگەڵ برنج تێكەڵی بكەیت، ئەتوانی سریلاكی برنجی بۆ بەكاربهێنی.

🔴 لەتەمەنی 7 مانگیدا مریشك زیاد ئەكرێت بۆ شۆرباكە، بەمەرجێك بكرێت بە پارچەی زۆر بچووك.

🔴 لە تەمەنی 8 مانگیدا گۆشتی سوور زیاد ئەكرێت بۆ شۆرباكە، بەمەرجێك بكرێت بە پارچەی بچووك، هەروەها زەردێنەی هێلكەشی ئەتواندرێ پێی بدرێت، بەهیچ شێوەیەك سپێنەی هێلكە تا یەك ساڵ نابێت بدرێ بە منداڵ ، كاستەریش ئەتوانرێت پێی بدرێت بەمەرجێك شەكری تێنەكرێت.

🔴 لە دوای تەمەنی 10 مانگییەوە ئەتوانی خواردنی ئاسایی زیاد بكەیت، بەڵام هەر جارەو خواردنێك پاش دڵنیابوون لە نەبوونی هەستیاری پێی.

بە گشتی ئەو خواردنانەی ئەدرێ بە منداڵ بەپێی تەمەن:

🔴 6 بۆ 8 مانگ:
(سێو، قۆخ، ترێ، ماست، مۆز، هەنجیر، هەرمێ، قەیسی، كولەگە، پەتاتە، بیبەری شیرین، فاسوڵیای تەڕ، قارچك، پیاز، سیر، گێزەر، ئەڤۆگادۆ).

🔴 8 بۆ 10 مانگ:

(برۆكلی، قەڕنابیت، باینجان، شێلم، خەیار، خاس، بامێ، سپیناخ، تەماتە، نیسك، شووتی، كاڵەك، ئەنەناس، كیوی، گریپ فروت، پەنیر، زەردێنەی هێلكە).

🔴 ئەم خواردنانە وەك لە سەرەوە باسمان كرد ئەوەی سەوزەیە ئەبێ بكوڵێ ئینجا بهاڕێ، ئەوەی میوەیە ئەبێ بە عەسارە بكرێ بە شەربەت.

ئامادەكردنی:
د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل
پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close