
بایکۆت، هۆکار ، دەرئەنجام
کمال زراری✍️باسک نێت
هەموومان ئەزانین کە پەرلەمان سەکۆیەکە بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان ، کەئەوش وا دەکات هەموولا بەیەکەوە خزمەت بە هاووڵاتیان و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەین،بەڵام بەداخەوە دەبینین پەرلەمان ئەو ئەرکەی خۆی لەدەست داوە. بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی دوای ئەوەی بەتێروتەسەلی شیکردنەوەی بۆ بارودۆخەکە و حاڵی دەروونی هاووڵاتیان و سیستم و ئامێرەکانی دەنگدان و چەندین بابەتی دی پەیوەست بەهەڵبژاردنەکان کرد بڕیاری بایکۆتی دا.
لەوانەیە هەندێک کەس پێی وابێ بڕیارێکی هەڵە بووبێت یان گلەیی لەو بڕیارە بکات، ئێمەش بۆ پشتگیری کردن لەو بڕیارە گرنگە بەپێویستم زانی ئەم چەند خاڵە بخەمە بەردەم ئێوەی بەڕێز:-
١-ئەپرسین ئایا هەمان کۆمسیۆن و هەمان میکانیزم نیە بۆ هەڵبژاردن کە یاری بەدەنگی هاووڵاتیانەوە ئەکەن، یان دەنگەکانت پووچەڵ ئەکات یان بەشێوەی بەرنامە داڕێژراو لە ئامێرەکان تۆ دەنگ بەکێ بدەیت بۆ ئەو لایەنە ئەڕوات کە پڕۆگرام کراوە
٢- ئایا باشتر نیە بایکۆت بکەین لەوەی دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکان دەست بکەین بە گلەیی و نووزانەوەو تانەدانی بێ سوود کە هەموو جارێک هەروابووەو وا ئەبێت.
٣- ئایا هاووڵاتیان لەبارودۆخێکی ئاوادان کە کاندید ڕووی هەبێت داوای دەنگدانیان لێ بکات کە وا ساڵ بەرەو کۆتایی ئەڕوات و حاڵی مووچەو مووچەخۆرانیش دیارو ڕوونە.
٤- چۆن کاندید ڕووی دێت بە دەنگدەر بڵێت دەنگم پێ بدە کاتێک ساڵێک زیاترە بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە ، پەرلەمان بەهۆی کێشەی نێوان دوو حزبی باڵادەست ناتوانێت کۆببێتەوە، لەهەمان کات پەرلەمانتاران بێ ئەوەی کۆبوونەوەیەک بکەن و لەماوەی ساڵی ڕابردوو مووچە زەبەلاحەکان وەرئەگرن بێ ئەوەی بپرسن ئایا حەلالە یان حەرام. ئەمە لەکاتێکدا دەنگدەری بەڕێز دینارێک لەگیرفانیدا بوونی نیە.
٥- گرنگ بوو ئۆپۆزۆسیۆن بە گشتی و ئیسلامیەکان بەتایبەت بەلیستێکدا بەشداریان کردبا، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە نەیانتوانی یەک کۆبوونەوەش بکەن و لەکاتێکدا ڕۆژی کۆبوونەوەشیان دیاری کرد بەڵام بەهۆی نەبوونی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و بەرژەوەندی هاووڵاتیان لەلایەن ئۆپۆزۆسیۆنەوە نەک نەیانتوانی لیستێکی هاوبەش دروست بکەن بەڵکو کەوتنە هێرش کردنە سەریەکتری، جا ووڵاتێک هاووڵاتیانی گلەیی زۆریان لەدەستەڵات هەبێت و حاڵی ئۆپۆزۆسیۆنەکەش وابێت متمانەی بەچی ئەمێنێت، ئەمە جگە لەوەی ئۆپۆزۆسیۆن وێڕای ئەوەی بێ پڕۆژە بووە ، کاری تەنها جوولاندنی هەستی هاووڵاتیان بووە نەک هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی سیستەمی سیاسی لەهەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەلایەنە ئیسلامیەکانیش دەبوایە لە ساڵانی ڕابردوودا جارێک دڵی خەڵکی ئیسلام خوازو لایەنگرانیان خۆش کردبایە لیستێکی ئیسلامیان دروست بکردایە کە ئەمە وێڕای ئەوەی واجبێکی شەرعیە ، داواکاری خەڵکی ئیسلامخوازی کوردستانە. من بەرگری لە خۆمان ناکەین بەڵام دەبێ ئەو حەقیقەتەش بڵێین و خەڵک بزانێت کە بزووتنەوەی ئیسلامی پێش هەموو هەڵبژاردنەکان پەیامی ڕوون و ئاشکرا بووە کە بژاردەی سەرەکی ئێمە لیستی ئیسلامیە، جا ئێمەی ئیسلامی کە ناتوانین لەژێر یەک چەتری سیاسی کۆببینەوە با بەلایەنی کەم لیستێکی هاوبەش دروست بکەین، بۆیە پێم وایە خەڵکی ئیسلامخوازیش ئیسلامیەکان سزا ئەدات تا ئەو کاتەی ئەبن بەیەک دەنگ لەهەڵبژاردنەکان، چونکە واقیع پێمانی گوتووە دوو کورسی و سێ کورسی هیچ له واقیعەکە ناگۆڕێت بەڵکو بەیەک لیست ژمارەی کرسیەکان زۆرتر ئەبن و کاریگەری زیاتریش دروست ئەکەن.
٦- بەرزکردنەوەی ڕێژەی بایکۆتیش پەیامێکە بۆ دەستەڵات کە خەڵک چەند لەو جۆرە یاریانە بێزارەو بەردەوامبوونی ئەو یاریانەش زەرەر بە پڕۆسەکە دەگەیەنێت.
ئەو خاڵانەی باسم کردن بەشێکن لەو هۆکارانەی پێمان دەڵێن بایکۆت باشترین بژاردەیە بۆ ئەم قۆناغە،بۆیە لێرەوە داوا لەهاووڵاتیان ئەکەین لەڕۆژی ١١-١١-٢٠٢٥ بایکۆت بکەنە دروشم و شیعاریان و سندوقەکانی دەنگدان بەبەتاڵی بهێڵنەوە.




