
بڕێک پارە دەگاتە هەرێم و دەست بەدابەشکردنی دەکرێت
باسک نێت
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ڕایگەیاند: “سبەی، 26ی مانگ، چەکی پارەی گەنمی جووتیارانمان بەدەست دەگات، کە چێککرایەوە و ڕۆژی دواتر، واتە دووشەممە، دەست دەکەین بە دابەشکردنی.
گوژمەی دووەمی چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی لە 19ی تشرینی یەکەمەوە گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆکانی شارەکە، بەڵام بۆ مەبەستی وردبینی و چێککردنەوە، ڕەوانەی بانکی هەرێم کرابوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، لە هەمان بەروارەوە (19ی مانگ) پرۆسەی دابەشکردنی پارەکە دەستیپێکردووە و ئێستا لە کۆتاییدایە.
ئەم پارەیە دووەم گوژمەی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەمساڵ کە نزیکەی 15 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە.
• بەشی سلێمانی: شەش ملیار دینار.
• بەشی هەولێر: پێنج ملیار دینار.
• بەشی دهۆک: چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار.
جێی ئاماژەیە، ئەم گوژمەیە تەنها ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە بڕی کەمتر لە 50 تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان کردووە. تاوەکو ئێستا، ئەو جووتیارانەی زیاتر لە 50 تۆن گەنمیان ڕادەست کردووە، هیچ بڕە پارەیەکیان لەلایەن بەغدادەوە بۆ خەرج نەکراوە




