
زیلینسكی سەركردەكانی ئەوروپا لەگەڵ خۆی دەباتە دیداری ترەمپ
باسک نێت
ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشكرایكرد، لەسەر داوای خۆی، رۆژی دوو شەممە هاوڕێیەتی ڤۆلۆدیمیر زیلینسی سەرۆكی ئۆكرانیا دەكەم لە سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا.
فریدریش مێرتس راوێژكاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا، خاتوو جۆرجیا میلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیاو ئەلیكسەندەر ستاب سەرۆكی فینلەندا بەهەمان شێوە لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا دەچنە واشنتۆن.
لە بردنی ئەم ژمارە زۆرەی سەركردەكانی ئەوروپا، وا پێدەچێت زیلینسكی بیەوێت ئەمجارە رێگری بكات لە دووبارە بوونەوەی بەریەككەوتنە بەناوبانگەكەی لەگەڵ ترەمپ، كە مانگی شوباتی رابردوو لە كۆشكی سپی روویداو؛ بەهۆیەوە زیلینسكی بەر لە وادەی خۆی لە كۆشكی سپی چووە دەرەوەو دەمەقاڵێكەی لەگەڵ ترەمپ هەرزوو میدیای جیهانی تەنی.
دیداری ئەمجارەی سەرۆكی ئۆكرانیاو ترەمپ چارەنوسساز دەبێت، دوای دیداری لوتكەی پۆتین و ترەمپ دێت و تێیدا چارەنوسی بەردەوامی شەڕ یاخود ئاشتی لەگەڵ روسیا یەكلادەكرێتەوە.




