
شیعەكان واژۆ بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی كۆدەكەنەوە
باسک نێت
عەلا حەیدەری، پەرلەمانتاری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرایكردووە: واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ دەنگدان لەسەر یاسای دەستەی حەشدی شەعبی.
حەیدەری لە بەیاننامەكدا رایگەیاندووە: دەستمان کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران، بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی بەپەلەو گرنگ، بۆ دەنگدان لەسەر یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، کە بەوتەی ناوبراو، یەکێکە لە یاسا گرنگ و هەستیارەکان لەم هەلومەرجە سەختەی روبەڕوی ناوچەكە دەبێتەوە.
لای خۆیەوە، رەفیق ساڵحی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادقون لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی رایگەیاندووە: بڕیاریان داوە بەجل و بەرگی حەشدی شەعبیەوە بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان بكەن، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر یاساکە بدەن، ئەمەش وەك وەفدارییەك بۆ ئەو کەسانەی گیانیان بەخت کرد لەپێناو بەرگریکردن لە نیشتمان.
سەڕەڕای هەڕەشەو فشارە ئاشكراكانی ئەمریكا لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، هەندێك لە هێزە شیعیەكان یاساكەیان كردووەتەوە بابەتێكی گەرمی هەڵبژاردن و دژ بە یەكتر بەكاریدەهێنن بۆ مسۆگەركردنی دەنگ، جگە لە رەهەندە دۆگمایی و تائیفیەكەی، كە بۆ شیعەكان ئەم هێزە وەك مەتەرێزی پێشەوەی بەرگری و پارێزگاریكردن لە مەزهەب تەماشا دەكرێت، ئەوە لەكاتێكدایە، حكومەتی عێراق خاوەنی سەدان هەزار سەربازو یەكەی ئەمنیی جیاوازەو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیش كە بڕیاری تەواوی ئەو هێزانەی لە دەستدایە، سەربە پێكهاتەی شیعەیە.




