
وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، هەموو جۆرە فەرمانێکی گواستنەوە و تەنسیب، راسپاردن و پێدانی پایە، بە ئەفسەر و کارمەندانی سەر بە هێزە ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە راگیراوە.
سەباح نعمان، وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەموو جۆرە فەرمانێکی گواستنەوە و تەنسیب، راسپاردن و پێدانی پایە، بە ئەفسەر و کارمەندانی سەر بە هێزە ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە راگیراوە.
ئاشکراشیکرد: “ئەم هەنگاوە بەهۆى نزیکبوونەوەى خشتەى پلەبەرزکردنەوەی تەمموز و گەرەنتیکردنی مافیانە لە دەنگدانى تایبەت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرەڕای زۆربوونى داواکارى بۆ گواستنەوە لە سەرجەم یەکەکانەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران تاوەکو کاتێکی دیارینەکراو، کاری پێدەکرێت.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.




