
” تاران ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن”
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز:
چوار بەرپرسی ئێرانی رایانگەیاندووە، سەرەڕای هەڵوێستی توندو گوتاری روبەڕوبونەوە، کە بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا پیادەی دەكەن، بەڵام ئامادەییەکی کردەیی لە ناو ناوەندەكانی دەسەڵات لە تاران هەیە، بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن.
ئاماژە بەوەشدەکەن، مەترسییەكانی تاران زیاتر بووە، بەهۆی زیندوکردنەوەی خێرای هەڵمەتی زۆرترین فشار، لەلایەن ترەمپەوە، کە لە خولی یەکەمی دەسەڵاتیدا دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەرەو سفر بەرێت، لە رێگەی سزای زیاترو ناچارکردنی ئابوریی فشۆڵی وڵات و چۆك پێدادانی.
کاربەدەستێکی ئێرانی رایگەیاندووە، سەرکردەکان نیگەرانن لەوەی بچڕاندنی هەموو رێگا دیپلۆماسییەکان، ناڕەزایی ناوخۆیی بەرامبەر بە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، فراوانتر دەكات، بەوپێیەی بڕیاردەری کۆتایی کۆماری ئیسلامیە.
هاوكاتی تونكردنەوەی فشارەكان لەسەر ئێران و هەڕەشەكان بە سەپاندنی سزای نوێ و هەنگاوی سەربازی، ترەمپ بە ناردنی نامەیەک بۆ خامنەیی، کە پێشنیاری دانوستانی ئەتۆمی دەکات، دەرگای دانوستانەکانیشی کردووەتەوە.
خامنەیی، رۆژی چوارشەممە، ئەو پێشنیارەی رەتکردەوەو رایگەیاند، واشنتۆن داواکاری زیاتر دەسەپێنێت و تاران ناچار ناكرێت دانوستان بکات.
عەباس عراقچی، گەورە دیپلۆماتکاری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئێرانی وتی: ئەگەر ئێمە بچینە ناو دانوستان لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر زۆرترین فشار دەخاتە سەرمان، ئەوا ئێمە لە پێگەیەکی لاوازەوە دانوستان دەکەین و هیچ دەستکەوتێک بەدەست ناهێنین.
بەوتەی ئەو بەو بەرپرسانە، دەستەبژێری دەسەڵاتداری ئێران بە تەواوی درك بە مەترسی سەرهەڵدانەوەی نارەزایەتیەكانی هاوشێوەی ساڵی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) دەكەن، بەهۆی گیان لە دەستدانی مەهسا ئەمینی، یان ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ساڵی (٢٠١٩) لەسەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی.
بەپرسێكی باڵای ئێران وتویەتی: چەندین کۆبونەوەی باڵا بەڕێوەچووە، بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری ناڕەزایەتی جەماوەری نوێ و رێوشوێنەكانی رێگریکردن لێيان.
سەرەڕای مەترسیەكان سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، تاران ئامادەیە تا شوێنێكی دیاریکراودا بڕوات لە هەر دانوستانێک لەگەڵ ترەمپ، جەختیانکردووەتەوە، داواکارییە زیادەڕۆییەکان، وەک هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی ئێران، یان توانا موشەکیەکانی، ناخرێتە سەر مێزى گفتوگۆ.
ئەو بەرپرسە باڵایە دەڵێت: بەڵێ نیگەرانی هەیە سەبارەت بە فشاری زیاتری ئابوری، نیگەرانیش هەیە لە پەرەسەندنی توڕەیی لە وڵاتدا، بەڵام ناتوانین مافی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمیمان بكەین بە قوربانی ، لەبەر ئەوەی ترەمپ دەیەوێت.
عەلی فایز، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئێران لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتیەكان رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارەكانی ئێران پێیانوایە دانوستان لەگەڵ ترەمپ لە ژێر زەبرو زەنگدا نیشانەی لاوازی دەبێت، کە دواجار فشاری زیاتری بۆ ئێران دەهێنێت نەک سوککردنی.
وتیشی، هەر لەبەر ئەو هۆكاریە، ئایەتوڵا خامنەیی پێیوایە، تاکە شتێک کە مەترسیدارترە لە ناڵاندن بەدەست سزاکانەوە، تەسلیمبوونە پێیان.




