
ئەگەرئەمەریكا ڕەزامەندی نەدات،سەرەتای هەفتەی داهاتووعێراق ڕووبەڕووی گرفتێكی گەورە دەبێتەوە
باسک نێت
ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە مۆڵەتی هاوردەكردنی غازی ئێران بۆ عێراق كۆتایی دێت، ئەگەریش ئەمەریكا ڕێگە نەدات بە درێژكردنەوەی هاوردەكردنی غاز، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی گرفتێكی گەورە دەبێتەوە لە دابینكردنی غاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
سەعید تەوەكولی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند: سەرباری ئەوەی مۆڵەتی ئەمریكا بۆ هاوردەكردنی گازی ئێران لە هەشتی ئەم مانگەدا كۆتایی دێت، بەڵام حكومەتی عێراق مۆڵەتی كاتی لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ كڕینی گازی ئێرانی وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر ئەمریكا مۆڵەتی كڕینی گازی ئێرانی بۆ عێراق نوێ نەكاتەوە، پلانی جێگرەوەمان دەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە تێچووەكەی زۆرە، جگە لەوەش بەهۆی هەلومەرجی تایبەتی ئێران، ناتوانرێت ئەم گازە بەردەوام دابین بكرێت، بۆیە هەوڵدەدەن كار لەسەر جێگرەوەی گازی ئێران بكەن، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە بەرھەمی ناوخۆیی و لە رێگەی پرۆژەی تۆتاڵەوە لە باشووری عێراق كە گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە بۆ سوود وەرگرتن لە گازی هاوەڵ.
بەوتەی چاودێرانی سیاسی و ئابوری، ئەگەر ئەمریكا مۆڵەتەكە بۆ عێراق نوێ نەكاتەوە، عێراق تووشی گەورەترین قەیرانی وزە دەبێت، چونكە خواست لەسەر كارەبا گەیشتووەتە 50 هەزار مێگاوات، لە كاتێكدا توانای بەرهەمهێنانەكەی بەو غاز و كارەبایەشی لە ئێرانی دەكڕێت 25 مێگاواتە.




