
توانای زەیدیی بۆ بەردەوامبون لەسەر چاکسازییەکانی، ڕوبەڕوی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە کاتێک دەست بۆ دۆسیە هەستیارەکان دەبات؛ وەک کەمکردنەوەی هەژمونی گروپە چەکدارەکان یان تێکشکاندنی ئەو تۆڕە داراییانەی کە بازرگانی بەدراوی قاچاخەوە دەکەن، ڕاپۆرتێكى بهریتانیش دهڵێت، زەیدی بەپشتگیریی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپو ئیدارەی ئەمریکا پێگەی خۆی لەواشنتۆن بەهێز دەکات، هاوکات فایەق زێدانیش لەبەغدا بوەتە قەڵایەکی یاسایی بۆ پاراستنی چاکسازییەکانی.
ڕاپۆرتێکی میدیایی ئاشکرایدەکات، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەم دەرکەوتنە سیاسییە بەهێزەیدا پشت بەبنکەیەکی جەماوەریی یان نفوزێکی تایبەتی خۆی نابەستێت، بەڵکو دەسەڵاتەکەی لە”هێزێکی خواستراو”ەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم هێزەش لەپاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەریی، پشتگیریی ئەمریکاو ناکۆکییەکانی ناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدارەوە دێت کە بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە ههموو ئهوانه سەرچاوەی ڕاستەقینەی هێزەکەى زهیدین لەوکاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتوە.
ئەدای سیاسیی زەیدیی لەدوای وەرگرتنی پۆستەکەی لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە، سەرنجێکی زۆری ناوەندە سیاسییو میدیاییەکانی ڕاکێشاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی زنجیرەیەک بڕیاری توندی دەرکرد، کە گرنگترینیان لەدۆسیەکانی دژایەتیکردنی گەندەڵیو گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتدا بون، بەڵام ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەمواج)ی بەریتانی پێیوایە، ئەم دەرکەوتنە بەهێزەی زەیدیی، بەواتای هەبونی پێگەیەکی سەربەخۆ نییە بۆ خۆی، بەڵکو تەنها بەهۆی تێکەڵەیەک لەپاڵپشتیی دادوەریی، هاوکاریی ئەمریکاو دابەشبونی هێزە سیاسییەکانی ناو دەسەڵاتەوەیە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە پێش وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەزمونێکی سیاسیی ئەووتۆی نەبوو، چاودێرانی سەرسام کرد بەخێرایی لەدەرکردنی بڕیاری بوێرانەدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەسەرەتای دەستنیشانکردنیدا وەک كاندیدێكى تهوافوقى سەیر دەکرا کە چاوەڕوان نەدەکرا ببێتە هەڕەشە بۆسەر هاوسەنگیی هێز لەناو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا.
ماڵپەڕە بەریتانییەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم دۆخە نیشانەی دەرکەوتنی “سەركردەیەكی بەهێز”ی نوێ نییە لەعێراقدا، بەڵکو تەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە زەیدی توانیویەتی زۆر زیرەکانە سود لەو باڵباڵێنو ناڕێکیىو نهبونى یهكڕیزییهى ناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار وەربگرێت، ئەمەش وایکردوە کاتێک لایەنە هێنەرەکانی بۆسەر دەسەڵات خاوەن هەڵوێستێکی یەکگرتونین، ئەو ماوهیهكى فراوانتری بۆ جوڵەو بڕیاردان هەبێت.
ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە، زەیدیی بەهێزێکی دەرەکی حوکم دەکات؛ چونکە لەجیاتی پشتبەستن بەحزبێکی بەهێز یان پێگەیەکی جەماوەریی، بڕیارەکانی لەڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییو ئەو چەترە سیاسییەوە دەسەپێنێت کە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکادا بۆیان دابینکردوە، کەمپەینی دژە گەندەڵی حکومەت لە28ى حوزەیرانی ڕابردودا، کە تێیدا 67 کەس دەستگیرکرانو دەستبەسەر زیاتر له250 ملیۆن دۆلاردا گیرا، باشترین بەڵگەی ئەو زانیارییانهیه، ئەم کەمپەینەش هەرچەندە لەناوخۆدا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو و زەیدیی وەک بەرپرسێکی خاوەن بڕیار نیشاندا، بەڵام بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، تەنها بەهۆی ڕێکارە فەرمییەکانی دادگاوە سەرکەوتوە، بەپێچەوانەی ئەزمونەکانی پێشوو کە پشتیان بەلیژنە جێبەجێکارە نائاساییەکان دەبەست.
باسک نێت




