
ئاژانسی تەسنیم دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی چانسی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كەمبووەتەوە، “شەمەری و شەتری و ئەعرەجی” لای لایەنەكانی دیكەن قبوڵكراون.
باسک نێت
ئاژانسی “تەسنیم”ـی سەر بە سوپای پاسداران، راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و ئاماژە بە هەندێك ناو دەكات، كاندیدی بەهێزن بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران.
بەگوێرەی ئاژانسەكە، سێ كاندید لەناو كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ناویان هێنراوە و چانسی گەورەیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە و سودانیش چانسی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كەمبووەتەوە.
هەریەك لە عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ، حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەو كاندیدە بەهێزانەن كە چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانیان هەیە و لەم رۆژانەدا گفتوگۆی چڕیان لەگەڵ كراوە.
ئاژانسەكەی سوپای پاسداران، ئاماژەی بە چوار مەرجی چوارچێوەی هەماهەنگی كردوە كە لەو سێ كەسەدا هەیە، لەوانەش بوونی پەیوەندییەكی گونجاو لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و واژۆكردنی پەیماننامە بۆ دانەمەزراندنی هیچ حزب و رەوتێكی سیاسی و چوارچێوەی هەماهەنگیش تیمی نوسینگەی سەرۆكوەزیران دیاری بكات.
راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەشداوە، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ لە روبەڕووبونەوەی تیرۆر و رێگریكردن لە كردەوەی تیرۆریستی و پاراستنی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا سەركەوتوو بووە.
هەروەها حەمید شەتریش كە كەسایەتیەكی ئەمنییە چەندین ساڵە وەك سێبەر ماوەتەوە، لەدوای روخانی رژێمی سوریاوە دەركەوتوە و بوەتە پردێكی پەیوەندی لەنێوان عێراق و دیمەشق بۆ پاراستنی عێراقییە شیعییەكان لەسوریا و ئەوەش زیاتر كەسایەتی ئەمنی و سیاسی دەرخست.
لەبارەی قاسم ئەعرەجییەوە راپۆرتەكە دەڵێت، ئەعرەجی كەسایەتییەكی سیاسی و ئەمنی و دیپلۆماتكارە و لایەنە جیاوازەكان قبوڵیانە، رۆڵی گرنگیشی هەبووە لە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاڵوگۆڕی پەیامەكان لەنێوان وڵاتانی هەرێم و نێودەوڵەتیدا، بەئامانجی سەقامگیری عێراق.




