جیهانڕاپۆرتهەواڵ

ئەو کێشانەچین کە روبەڕوی حزبەكەی ماسك دەبێتەوە

ئەو کێشانەچین کە روبەڕوی حزبەكەی ماسك دەبێتەوە

باسک نێت
ئیلۆن ماسک، ملیاردێری ئەمریکی، دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێی لە ئەمریکا بە ناوی “پارتی ئەمریکا” راگەیاندو جەختیکرد، نوێنەرایەتی لەسەدا (٨٠)ی دەنگدەرانی ناوەندگەرايی دەکات، کە خۆیان لە دوو پارتە نەریتییەكەی ئەمریكادا نابیننەوە (كۆمارییەكان و دیموكراتەكان).
سەرەڕای ئەو سامان و هەژموونەی ماسک هەیەتی، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان روبەووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، کە رەنگە كێشە بۆ خواستە سیاسییەکانی دروستبكات و، رێگری بکات لە دامەزراندنی پارتی ئەمریکا.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئەمڕۆ لە راپۆرتێکدا شەش بەربەستی گەورەی دەستنیشان کردووە، كە دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم ئیلۆن ماسک و پارتە نوێیەکەی:

باڵادەستی دوو حزبەكە
سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا لەسەر بنەمای “براوە هەموو شتێک دەچنێتەوە” دامەزراوە، ئەمەش وا دەکات ئەركی حزبی سێیەم سەخت بێت، یاسای هەڵبژاردنی ویلایەتەکان مەرجی ئاڵۆز سەپاندووە بۆ تۆمارکردنی پارتە نوێیەکان و بەدەستهێنانی واژۆ بۆ پشتگیریکردن لە کاندیدەکانی.

مێژوویەک لە نوشستی
لە ساڵی (١٩٦٨)ەوە، هیچ کاندیدێک لە دەرەوەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان نەیتوانیوە دەنگی كۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکان بەدەستبهێنێت، تەنانەت هەوڵە دیارەکان، وەک هەڵمەتی هەڵبژاردنی ملیاردێر رۆس پیرۆ لە ساڵی (١٩٩٢)، نەیانتوانی وەريبگێڕێت بۆ کورسی راستەقینە.

ستراتیژێکی ناڕوون
ماسک گرەو لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دەکات لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی داهاتوو، لەڕێی پشتگیریکردن لە کاندیدەکان لە ناوچەی دیاریکراو، بەڵام هێشتا دیاری نەکردووە، پارتەکەی بەكرداری دەچێتە ناو کام كێبڕكێیەوە، شارەزایان پێیان وایە، ئەمە رەنگە دەنگی کۆمارییەکان پارچە پارچە بکات، بەڵام پێناچێت هاوسەنگی هێز لە کۆنگرێسدا بگۆڕێت.

جەماوەرێكی یەکنەگرتوو
ماسک خواستی ئەوەی هەیە زۆرینەی ناوەندگەر بۆلای خۆی رابکێشێت، بەڵام شرۆڤەکاران گومانیان هەیە کە ئەم جەماوەرە هەمەچەشنە بتوانێت لە دەوری بەرنامەیەكی یەکگرتوو کۆببێتەوە، بەتایبەت کە دەنگدەران سەرەڕای رەخنەکانیان، لە رووی سۆزدارییەوە وابەستەی ئەو دوو حزبە نەریتیەن.

نەبوونی هاوپەیمانان
دوای ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان، پێدەچێت ماسک وردە وردە پشتیوانی هەندێک لە هێزە راستڕەوەکان لەدەست بدات، سەرەڕای سەرچاوە داراییەکانی، بەڵام ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە، ئایا دەتوانێت تۆڕێک لە لایەنگری چالاک دروست بکات، کە توانای ئەنجامدانی هەڵمەتی مەیدانی هەبێت؟.

دانبەخۆگرتنێكی سنوردار
شارەزایان گومانیان لە ئامادەیی ماسک هەیە بۆ بەرگەگرتنی زیانە سیاسییە چاوەڕوانکراوەکان لە سەرەتاوە، دامەزراندنی حیزبێکی کاریگەر پێویستی بە چەندین ساڵ کارکردن و ئەزموون و رێکخستن هەیە، ئەوەش رەنگە لەگەڵ کەسایەتیی ئەو بازرگانەدا نەگونجێت، کە ناسراوە بە خێرایی جموجۆڵەكانی و چاوەڕوانییە زۆرەكانی.

باسک نێت

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close