“ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاگاداركردووە ئامێری زیاتر دادەنێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم”
باسک نێت
راپۆرتێكی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) وردەكارییەكەی بڵاوكردوەتەوە:
ئێران ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی بەنیازە ئامێری (سەنتەرفیوج)ی زیاتر بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە هەردوو دامەزراوەی ئەتۆمیی (نەتەنزو فۆردو) دابنێت، ئەمە جگە لە كارپێكردنی ئەو ئامێرانەی كە بەمدواییە دانراون.
راپۆرتەكە باس لە وردەكاری پلانی دانانی زیاتر لە 32 گروپ دەكات كە هەریەكەیان لە نزیكەی 174 ئامێر پێكدێت، ئەمە بەپاڵ ژمارەیەكی زۆرو بێ پێشینەی ئامێری (سەنتەرفیوج) كە ژمارەیان (1152) ئامێری پێشكەوتووی جۆری IR-6.
ئەم راپۆرتەكە كە ئاڕاستەی وڵاتانی ئەندام دەكرێت، وردەکاری ئەو رێکارانەی لەخۆ گرتووە کە ئێران بۆ ئەو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاشکرا کردووەو كار بۆ جێبەجێکردنی دەکات، بەڵام تائێستا بڕێكی كەم ئەو هەنگاوانەی جێبەجێكردووە. دوای ئەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چەند رۆژێك لەمەوبەر رەخنەیان لە ئێران گرت، كۆماری ئیسلامی لە كاردانەوەی ئەو رەخنانەدا بڕیاریدا هەزاران ئامێری (سەنتەرفیوج) دابنێت.
ئێران ئێستا زیاتر لە (10 هەزار) ئامێری (سەنتەرفیوج)ی هەیە كە لە هەردوو وێستگەی (نەتەنزو فۆردو) لەژێر زەویدا كاردەكەن، ئەمە سەرباری وێستەكانی سەر زەوی لە دامەزراوەی (نەتەنز).
راپۆرتەكە باسی لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی 60% نەكردووە كە ئەمە رێژەی نزیكە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی، رەنگە ئەمە ئاماژە بێ بۆ ئەوەی ئێران تاڕادەیەك بە وریاییەوە مامەڵە دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە ئامادەكاریی دەكات بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەریتانیاو فەڕەنساو ئەڵمانیا لە ژنێڤ بەئامانجی گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی لەگەڵ خۆرئاوا.
دوێنێ ئێران لەزاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیەوە (عەباس عێراقچی) هۆشداری دا لەبارەی ئەوەی دەكرێت باوەڕی خۆی لەبارەی خاوەندارێتیی چەكی ئەتۆمییەوە هەموار بكاتەوە ئەگەر هاتوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سزا ئابورییەكان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە (كۆماری ئیسلامی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكات باوەڕی كۆمارەكە رێگە بەوە نادات ئێران چەكی ئەتۆمی دروست بكات).