نوسەران

پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا ئەمە موعجیزە بوو

پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا ئەمە موعجیزە بوو

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا هیچ کەسێک بە خەیاڵیدا نەدەهات ڕۆژێک بێتە پێشەوە باوک لە منداڵەکەیەوە فێر ببێت ، نەک لەڕووی حیکمەت و سەلیقەو ژیانەوە ، بەڵکو لە بواری تەکنۆلۆژیاو وردەکاریەکانی تری ژیانی ڕۆژانەوە ! هاوڕێیەکم کە پیشەی مامۆستایە و خاوەن توانایەکی گەورەی قسەکردن و ئاستێکی بەرزی ڕەوانبێژیە باسی حاڵەتێکی پێکەناوی بۆ کردم کەلەماڵەوەیاندا ڕوویداوەو وتی : ڕۆژێکیان کوڕەکەم ( کەتەمەنی پێنج ساڵانە ) بینیم لەسەر شاشەی ئایباتەکەی باسی یارییەک دەکات بۆ براکەی تری کەلەخۆی بچوکترە ، منیش بە گاڵتەوە پێم وت : ئەی بۆ منیش فێری ئەو یارییە ناکەی ؟! دەڵێت : کوڕەکەم بە ئارامی و متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە وەڵامی دامەوەو وتی : ( باوکە زۆر ورد سەرنج بدە ، یاریەکە کەمێک ئاڵۆزو سەختە ! ) . ئینجا دوای ئەوە بەزەردەخەنەیەکەوە پێی وتم : ( بەس لەبیرت نەچێت ، باوەڕ ناکەم تۆ بتوانی فێری ببی !). هەردووکمان دەستمان کرد بە پێکەنین … بەڵام من لە ناخی خۆمدا وانەو ڕاستیەکی نوێ حاڵی بووم کە ئەویش ئەوەیە :
ئێمە ئێستا لەبەردەم نەوەیەکداین چاوەڕێ ناکات ئێمە لێی تێ بگەین ، بەڵکو ئەو زۆر زیاتر لە پێش ئێمەوەیە ، نەوەیەک کە زۆر بەخێرایی فێر دەبێت و ، جیهانی تەکنۆلۆژیاش وەک زمانی دایک وایە لە لای .
نەوەیەکی زیرەک ، هۆشیار ، تێگەیشتوو ، سەربەخۆ ، هەستیار ، جیاواز لەهەموو شتێکدا ! کەواتە تۆ :

—- نابێت ناچاری بکەیت ، دەبێت موناقەشەی بکەیت .
—- نابێت دەنگ بەرز کەیتەوە بەسەریدا ، بەڵکو دەبێت دڵت لێی نزیک بکەیتەوە .
—- نابێت دەسەڵاتی خۆت بەسەریدا بسەپێنی ، بەڵکو دەبێت ڕێزی ئەو بۆخۆت بەدەست بهێنیت.

ئەم نەوەیە نە وەسف و سەناو پیاهەڵدانی وشک کەڵکی هەیە بۆیان ، نە توڕەیی و ئاراستەی توندو تیژ ! ئەم نەوەیە پێویستی بە هاوڕێ و دۆستی دڵسۆز هەیە گفتوگۆی لەگەڵدا بکات … پێویستی بە کەسێکە وەبەر هێنان لە زۆر زانی و زیرەکیەکەیدا بکات ، نەک سەرکوتی پرسیارەکانی بکات .. پێویستی بە کەسێکە بە ئارامی و نەفەس درێژی ڕێنموونی بکات لە جیهانێکدا کە پڕو لێوان لێوە لە هەڕەشەو مەترسیەکان ، پێویستی بەکەسێک نیە قیژەو هاوار بکات بەسەریدا لە ترسی ئەوەی نەبادا لابدات و پێی هەڵبخلیسکێت .
ڕاستە ئەم نەوەیە نەوەیەکی سەرسەختە ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەلێکی گەورەیە بۆ ئێمە .. ئەم نەوەیە پێویستی بە قوتابخانەیەکە هەموو کاتەکانی پڕ بکات لە زانست و مەعریفە ، پێویستی بە ماڵ و خێزانێکە دڵ و دەروونی پڕ بکات لە ئەمان و ئاسوودەیی و ئارامی ، پێویستی پە ژینگەیەکە عەقڵ و بەها باڵاکانی هێواش هێواش تێدا بنیات بنێ .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close