
خۆرئاواو ئیسرائیل ..جەنگ و سیاسەت بەناوی دینەوە
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
جەنگی غەززە دەمامک و ڕووی ڕاستەقینەی شارستانێتی خۆرئاوا و دروشمە بریقەدارەکانی هەڵماڵی.. دروشمەکانی خۆرئاوا لەبارەی ( دەوڵەتی مەدەنی ) و ، (عەلمانییەت ) و، (جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و دەوڵەت ) و، ( لیبڕاڵییەت) و، ( تازەگەریی) هەموو ئەمانە لەبەرچاو سەرجەم گەلانی دنیا هەرەسیان هێناو کۆتاییان هات!
هەموان دەزانن ئەو جەنگەی ماوەی دوو ساڵە قەوارەی زایۆنی بەسەر ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتەو مرۆڤە بێ تاوان و بێ دەسەڵاتەکانی ئەو شارەدا سەپاندویەتی جەنگێکە لێوان لێوە بە گیان و نەفەسی ( لێکدانەوە تەلمودیەکان ) و ( دەقە ئایینیە تەوراتیەکان) .
سەیر لەوەدایە ئەو خۆرئاوایەی لاف و گەزافی ( ڕۆشنگەریی و تازەگەریی) لێدەدات زۆر زیاتر لە دەوڵەت و ڕەوتە ئیسلامیەکان دیندارترو ڕەوحانی تر خۆی نیشان دەدات و ، سیاسەت و پرۆژەو ئامانجەکانی خۆی بە کەنیسەو دروشم و دەقە ئاینیەکان دەبەستێتەوە !
ناتانیاهۆ دەڵێت : ئەو ئەرکێکی ئایینی جێبەجێ دەکات لە پێناو گەیشتن بە خەونی دروست کردنی دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورە ! ترەمپ ی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت : ئەو سەرگەرمی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی ئایینی پیرۆزە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل !
پۆتن ی سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت : ئەو لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزی ئایینیدا جەنگی ئۆکرانیا دەکات کە بریتیە لە پاراستنی جیهانی ئۆرزۆذۆکسی خۆرهەڵاتیی ! پێشتریش دوای ڕوداوەکانی یانزەی سێپتەمبەر جۆرج بۆش دەیوت : ئەم جەنگە جەنگێکی نوێی خاچپەرستانەیە لە جیهاندا !!
سەرنج بدەن …هەموان ڕێگە پێدراون یان ڕێگە بەخۆیان دەدەن ئایین بۆ سیاسەت بەکار بهێنن ، ئایین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان تەوزیف بکەن ، هەموان ڕێگە پێدراون بە چەمک و دەستەواژە دینیەکان ئامادەسازیی عەقائیدی و ڕۆحی بکەن ، ڕێگە پێدراون بە پاڵپشتی ساختەی ئایینی پەل بهاون و زیاتر بڵاوببنەوەو سنووری جوگرافیای خۆیان بەرفراوانتر بکەن !
بەڵام ئەوەی ڕێگەی پێ نادرێت ناوی ئایین ببات و ، بە ناوو بە پێی ئایینەکەی خۆی و لەڕوانگەی ئایین و عەقیدەی خۆیەوە سیاسەت بکات و ، بەرگری لەخۆی بکات و هەوڵی سەندنەوەی مافەخوراوەکانی بدات تەنها و تەنها فەلەستین و گەلانی تری بەشمەینەتی وڵاتانی ئیسلامی یە !!
لەکاتێکدا بەرەنگاریی و تێکۆشان و مقاوەمەتی ئەم گەلە چەوساوانە زۆر ئاشکراترو پیرۆزترو بەبەهاترو ئەخلاقی ترە.
دەستەواژەی ( ئیسرائیلی گەورە) دەستەواژەیەکی کۆنەو لە قۆناغی بنیاتنانی بناغەی زایۆنیزمدا سەری هەڵداو ، دواتریش ڕێکخراوو کۆمەڵە توندڕەوە زایۆنیزمەکان پەسەندیان کرد ، سەرەڕای ناکۆکی نێو خۆیان لەمەڕ سنوورو چوارچێوەی جوگرافی ئەو دەوڵەتە گەورەیە !
دوای ڕێکەوتننامەی ( کام دێڤید ) ئیسرائیل هەوڵیدا خۆی بپارێزێ لە باسکردنی ( دەوڵەتی گەورەی ئیسرائیل) چونکە بارودۆخی ئەوکاتی ناوچەکە گونجاو نەبوو لە گەڵ ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئاشتی عەرەب — ئیسرائیل .. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ( شارۆن غال ) ی بێژەرە ڕاستڕەوە توندڕەوەکەی کەناڵی ( i24news)
ئیسرائیل دیمانەیەکی لەگەڵ ناتانیاهۆ سازدا ، ئەو بێژەرە نەخشەیەکی پێشکەش بە ناتانیاهۆ کرد ، کە وەک دەوترێت نەخشەی دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورەیەو ، جگە لە تەواوی خاکی فەلەستین بەشێک لەخاکی ئوردن و سوریاو میسرو لوبنان و عێراقیش لەخۆدەگرێت ..
ناتانیاهۆ وتی : زۆر پابەندو پەیوەستە بەو تێڕوانینەی کەلەنەخشەکەدا هاتووە و، خۆیشی وەک پیاوی جێبەجێکەری ئەو ئەرکە ئایینیە مێژوویە ڕۆحیە تەماشادەکات بۆ بەدیهێنانی خەونە گەورەکەی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی جولەکە ! ئەم لێدوانەی ناتانیاهۆ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی زۆر زیاتر لە لێدوانەکانی جۆرج بۆش توڕەو بێزارتر کرد کاتێک جەنگەکانی ئەمریکای لەسەرتاسەری جیهاندا لەدوای ڕوداوەکانی یانزەی سێپتەمبەر بە (هەڵمەتی نوێی خاچپەرستیی) وەسف کرد !
جیاوازیەکە ئەوەیە ناڕەزایەتیەکانی ئەوکات سەرۆکی ئەمریکایان ناچار بە پاشەکشەکرد لە لێدوانەکانی ، بەڵام ناتانیاهۆ سەرەڕای توڕەیی و ئیدانەکردنەکان هیچ پەشیمانی و پۆزشێکی نەهێنایەوەو پاشەکشەی نەکرد ! دەزانن بۆ ؟ چونکە وتەکانی هەڵەی زمانیی نەبوون ، بەڵکو خاڵ خستنە سەر پیتەکان بوو لە ئاراستە سیاسی و سەربازیەکەیدا !
لێدوانەکانی ناتانیاهۆ پێدانی مۆرکێکی فەرمیی بوو بۆ پرۆژە ئایینیە داگیرکاریەکەی ، ئەو پرۆژەیەی کە ترەمپ لەسەروبەندی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بۆ جاری دووەم دڵنیایی لەبارەیەوە داو وتی : پانتایی جوگرافی ئیسرائیل تەسک و بچوکەو دەبێت گەورە بکرێت .. فەیلەسوفی یۆنانی ( ئەرستۆ ) لە دێر زەمانەوە وتویەتی :
( سروشت حەزی لە بۆشایی نیە) ، دوور نیە ناتانیاهۆش هەستی بە بۆشاییەکی فراوان کردبێت لە دەوروبەری قەوارە سەپێنراوەکەی ، هەربۆیە دەیەوێت ئەو قەوارەیە گەورەو فراوانتر بکات .
ماوەتەوە بڵێین : لێدوانەکانی ناتانیاهۆ و هاوشێوەکانی ئەوە دەردەخات کە ئایین لەلای ئەوان ئامادەییەکی بەهێزی هەیە لە بڕیارو سیاسەت و جەنگەکانیاندا ، لەکاتێکدا داوا لە موسڵمانان و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی دەکەن دین لە کۆمەڵگە و ژیان و بڕیارو پرۆژەو سیاسەتەکانیان دوور بخەنەوە!




