وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی رەتکردەوە.
باسک نێت
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، ئەو لیستەی كە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەوانەی بەغدای كرد لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتكراوەتەوە و لێیان وەرنەگیراوە، ئەوەش بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زیاتر لە فەرمانبەر بەراورد بە مانگەكانی ڕابردوو لەگەڵ بوونی كەموكورتی لە لیستەكەدا.
ئاماژەبەوەشكراوە، هەر لەدوای گەیشتنی لیستەكە بە وەزارەتی دارایی عیراق، لەرێگەی ئیمێڵێكەوە لیستەكە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم كراوەتەوە و داواكراوە كە ئەو كەموكورتیانەی لە لیستەكەدا هەبوون چارەسەریان بكەن پاشان رەوانەی بكەنەوە، بۆیە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی هەرێم سەر قاڵی چارەسەركردنی ئەو كەموكورتیانەیە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەی بڵاوكردەوە كە لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانیان ڕەوانەی بەغدا كردووە و بە تێبینیش ئەوەیان خستبوویە ڕوو كە لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی ڕەوانەی بەغدا كراوە.