بەمەبەستی رێگریكردن لە تەشەنەكردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، ئەمڕۆ 8-3-2020 حكومەتی چین 200 هەزار دەمامكی ئاسایی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد.
لە مەراسیمی رادەستكردنی دەمامكەكاندا، دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان وتی “ئەمڕۆ 200 هەزار ماسك (دەمامك)ی ئاساییمان لە رێگەی كۆنسوڵخانەی چین لە هەرێمی كوردستانەوە بەدەستگەیشت، كە ئەوەش لەچوارچێوەی پڕۆژەی هاوبەشی (هاوڕێی باش هاوڕێی تەنگانەیە) و چین پێشكەشی عیراق و كوردستانیشی دەكات”.
باسی لەوەشكرد، ئەمڕۆ كۆبونەوەی نێوان وەزارەتی تەندروستی و كۆنسوڵخانەی چین بەڕێوەچوە و تێیدا بڕیاریانداوە تیمی شارەزای چین، كە ئێستا لە عیراقن، بێنە كوردستان و ئەو گومانلێكراو و نەخۆشخانەی توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنان، دەبینن.
وتیشی “چین 50 هەزار پێداویستی پشكنینی ڤایرۆسی پێشكەش بە عیراق كردوە، كە وەزارەتی تەندروستیی عیراق بڕیاری داوە پشكی هەرێمی كوردستان دابینبكات”.