جیهانهەواڵ

هاكان فیدان: “لووتکەی ناتۆ کە لە ئەنقەرە ساز دەکرێت دەبێتە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دووپاتکردنەوەی یەکڕیزیی

وەزیری دەرەوەی توركیا، هاکان فیدان ڕایگه‌یاند:باسک نێت

“لووتکەی ناتۆ کە لە ئەنقەرە ساز دەکرێت، دەبێتە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ سەرلەنوێ دووپاتکردنەوەی یەکڕیزیی. بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی ترانس ئەتڵانتیک بۆ تورکیا پێویستییەکی ستراتیجییە. ناتۆیەکی بەتواناتر و ئەورووپایی لە چەقی گفتوگۆکاندا دەبێت”.

لە چوارچێوەی سەردانە فەڕمییەکەیدا بۆ نەمسا، وەزیری دەرەوەی توركیا فیدان لەو کۆنفرانسەی دوێنێ لە ئەکادیمیای دیپلۆماسیی ڤییەنا ڕێکخرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.

فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای خێرابوونی تواناکانی تاکتیکی سەربازی لە جیهاندا، بەڵام نەبوونی دیدگایەکی ستراتیجیی قووڵ و دیارینەکردنی ئامانجە سیاسییە کۆتاییەکان بووەتە کێشەیەکی گەورە.

وەزیری دەرەوه‌ی توركیا فیدان، جەختی لەسه‌ر ئه‌وە کردەوە کە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی ئەو ڕاستییەن و ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە قورسەش کەوتووەتە سەر شانی دیپلۆماتکاران.

گوتیشی: “تورکیا ئێستا بە هەبوونی ٢٦٤ نوێنەرایەتی لە سەرانسەری جیهاندا، خاوەنی سێیەم گەورەترین تۆڕی دیپلۆماسییە لەسەر ئاستی جیهاندا”.

فیدان ئاماژەی بە ڕۆڵی نێوەندگیریی تورکیا لە سیستمی نێودەوڵەتیدا کرده‌وه‌ و جەختی لەسه‌ر پێویستیی بوونی ئەو وڵاتانە کردەوە کە ئەم ئەرکە دەگرنە ئەستۆ.

گوتیشی: “نابێت جەنگی ئۆکراینا کە پێنجەم ساڵی تێدەپەڕێنێت بە ئاسایی وەربگیرێت، پێویستە دیپلۆماسی چالاک بکرێتەوە بۆ ڕێگریی کردن لەو خەمساردییە مەترسیدارەی زیان بە هەمووان دەگەیەنێت”.

فیدان ئه‌وه‌شی وەبیرهێنایەوە کە پێشتر چوار جار لە ئیستانبوڵ میوانداری لایەنی ڕووسیا و ئۆکراینایان کردووە، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ میوانداری کردنەوەی گفتوگۆکان دووپات كرده‌وه‌ تا بەدیهاتنی ئاشتییەکی هەمیشەیی.

وەزیری دەرەوەی توركیا فیدان، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو کە سیاسەتەکانی ئیسرائیل بوونەتە هەڕەشەیەکی ئەمنیی جیهانی و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان چارەسەری کێشەکان بگرنە ئەستۆ.

هه‌روه‌ها فیدان ئاماژەی بەوە کرد داخستنی گەرووی هورمز بایەخی پرۆژەکانی بەستنەوەی ڕێگا بازرگانییەکانی لە ڕێگەی تورکیا، عێراق و سووریاوە زیاتر کردووە.

ڕاشیگه‌یاند: “گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردان، تورکیا چالاکانە نێوەندگیری دەکات و هۆشداری دا له‌وه‌ی نابێت ئاگربەست وەک بابەتێکی کۆتاییهاتوو ته‌ماشا بکرێت”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close