
باڵيۆزی ئەمریكا سەردانی مالیكی دەكات و باس لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەكەن
باسک نێت
هیشام رکابی، بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە سەكۆی “ئێكس” لەبارەی سەردانەكەی جوشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بۆ لای مالیكی كە دوێنێ هەینی ئەنجامیدا، نوسویەتی: باس لە رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان كراوە، هەروەها گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هێزە سیاسییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی سەرۆکایەتییەکانی ماوەتەوەو دیدگای چوارچێوەیەکی هەماهەنگی بۆ حکومەتی داهاتوو.
سەردانەكەی هاریس بۆ لای مالیكی لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ کاندیدکردنی مالیكی راگەیاندووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوەش پرۆسەی سیاسی بە گشتی و ناوماڵی شیعەی بە تەواوی شڵەژاندووەو دووچاری دابەشونێكی توندی كردوون.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لە دواین كۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لە ماڵی مالیكی، كە هیچ راگەیەندراوێكی فەرمیان نەبوو، بەشێك لەسەركردە دیارەكان هەر نەچوونەتە كۆبونەوەكەوە، كە دیارترینیان عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی بوون، سەرچاوەکان دەڵێن، گفتوگۆکان توندبوون و دابەشبونێكی روون هەبووە لەنێوان هەندێك لایەن كە پشتیوانی لە هێشتنەوەی مالیكی و ملکەچنەكردن بۆ فشارەکان ئەمریكا دەكەن، لەگەڵ هەندێك لایەنی تری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، كە هۆشدارییان داوە لە دەرئەنجامەکانی و رایانگەیاندووە، بەرژەوەندییەكانی عێراق وا دەخوازێت خۆی بەدوور بگرێت لە هەر روبەڕوبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، کە رەنگە دەرگا بەڕووی قەیرانی دارایی ئاڵۆزدا بکاتەوە.
رۆژنامەی “العربی الجدید” لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردووەتەوە، هەندێك لە لایەنە کاریگەرەکان چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و پەیوەندی دوو قۆڵی بۆ گەڕان بەدوای کاندیدێکی جێگرەوەدا، لەحاڵەتێكدا ئەگەر بڕیار بدرێت کاندیدبوونی مالیکی بکشێنرێتەوە.
ئاشکراشيان کردووە، دیارترین ناوەکان کە لە ئێستادا وەک جێگرەوە باس دەکرێن بریتین لە: محەمەد شیاع سودانی، حەیدەر عەبادی، مستەفا كازمی و حەمید شاتری.




