عێراقكوردستانهەواڵ

دادگاى فیدراڵى لەبارەی پێنج سکاڵای تایبەت بە هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە

سەرەتای هەفتەى داهاتو دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەیەک رۆژدا تاوتوێى پێنج سکاڵا دەکات کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان، یەکێک لە سکاڵاکان لەدژى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

بەپێی خشتەى دانیشتنەكانی دادگى باڵاى فیدراڵیى عێراق، یەکشەممەى داهاتو 21ى کانونى دوەمى 2024، دادگا دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە لە دژى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە.

سکاڵای دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.

هەر بەپێی خشتەی دانیشتەكان، هەمان رۆژ دادگاى باڵاى فیدراڵى تاوتوێى چوار سکاڵاى دیکە دەکات کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان، دوان لە سکاڵاکان لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون لەبارەى خەرجنەکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان. سکاڵایەکى دیکە لە دژى پلەبەرز نەکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاى چوارەمیش لە دژى یاسای روبەڕوبونەوەی تیرۆرى هەرێمى کوردستانە، کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی تۆمارکراوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close