رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی:
ئیسرائیل هۆشداریداوە بە بەغداد لە ئەگەری بەردەوامی هێرشی میلیشیاكان
باسک نێت
رۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” بڵاویكردەوە:ئیسرائیل هۆشداری داوە بە بەغداد لە بەكارهێنانی خاكی عێراق لەلایەن گروپە چەكدارە پاڵپشتیكراوەكانی ئێرانەوە بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، تەلئەبیب ئامانجەكانی لە عێراق دیاریكردووە بۆ لێدانی، ئەگەر ئەو گروپانە بەردەوامبن لە هێرشكردن بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل.
مانگە دەستكردەكان چاودێری ئەوەیان كردووە، تاران موشەكی بالیستی و كەرەستەی هێرشكردنی لە ئێرانەوە گواستووەتەوە بۆ ناوخۆی عێراق، بۆ بەكارهێنانی لە هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی كە هەڕەشەی ئەنجامدانی دەكات.
پێشتر پێگەی “ئەكسیۆس”ی ئەمریكی بڵاویكردەوە: هەواڵگری ئیسرائیل پێیوایە ئێران ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لەناو خاكی عێراقەوە، ئەگەریش هەیە هێرشەكە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێرانەوە ئەنجامبدرێت، لە هەوڵێكدا بۆ خۆبەدورگرتنی تاران لە هێرشێكی تری ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە ستراتیحیەكان لە ئێران.
لای خۆیەوە، عەلی فەتلاوی، سەركردە لە گروپی “ئەنساروڵای ئەوفیا” بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی راگەیاندووە: مقاوەمی ئیسلامی لە عێراق، بڕیاریداوە پرۆسەی هێرشكردن بۆ سەر پێگەو ئامانجەكانی قەوارەی زایۆنی فراوانتر بكات، لە چوارچێوەی فراوانكردنی پلانی هێرشكردن دژی داگیركەر لە بەرە جیاوازەكانەوە.