
ئەمڕۆ كۆمیسیۆن بە فەرمی ناوەندی گوێزەرەوە تاقیدەكاتەوە
باسک نێت
ئەمڕۆ، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ناوەندی گوێزەوە تاقیدەكاتەوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ،كە بڕیارە لە (20) تشرینی یەكەم بەڕێوەدەچێت.
وەلید خالید عەباس، سەرۆكی فەرمانگەی پرۆسەكان و تەكنەلۆجیاو زانیاری بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاندووە: پێشتر لەمانگی ئابدا، سێ پرۆسەی ئەزموونیی هەڵبژاردن لە (181) وێستگە ئەنجامدراوە، بۆ ئامێرەكانی جێبەجێكردن و خێراكردنی ئەنجامەكان و ناردن، بە ئامادەبونی بریكاری حزبە سیاسیەكان و، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان، كە سەركەوتوویی بەشێوەیەكی نایاب سەلماند.
رونیشكردووەتەوە، كۆمیسیۆن تاقیكردنەوەی كردووە لەسەر ئاستی ناوەندەكانی هەڵبژاردن، بۆ دڵنیابوون لە توانای ناوەندی گوێزەرەوە بۆ نزیكەی (7) هەزار وێستگە، كە پێویستی بەبوونی (42) هەزار كارمەندی هەڵبژاردنە.
ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆن، ئاماژەی بەوەشكرد: تاقیكردنەوەی سەرەتایی لەم مانگەدا ئەنجامدراوە، تاقیكردنەوەی فەرمیش ئەمڕۆ كاتژمێر (6) ئێوارە ئەنجامدەدرێت، كە تیایدا ناوەندی گوێزەرەوە دەكرێتەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە، بە ناردنی ئەنجامەكان لە ناوەندی راستەقینەوە لە ژماریەك وێستگەی راستەقینە، ئەنجامدانی پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی پێشوشی بە نایاب وەسفكرد، وتیشی: هەندێك تێبینی و هەڵە تۆماركراوەو چارەسەركراون، لەپێناو ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی نمونەیی لە رۆژی هەڵبژاردندا.