
وەزیرى دارایى عێراق دڵنیایى دەداتە موچەخۆرانی عێراق
باسک نێت
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دروست بوونی كێشە لەمووچەی فەرمانبەرانی عێراق، وەزیری دارایی رایدەگەیەنێت “هیچ كێشەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە و لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكەن.
تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی عێراق لە وڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێكی عێراق ڕایگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە كاتی خۆیدا و بەبێ دواكەوتن دابەشدەكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواكەوتی مووچەی مووچەخۆران دەكات دوورە لە ڕاستییەوە.
تەیف سامی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، نەختینەیی پێویست لەبەردەستدایە و لەكاتی خۆیدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت دابەشدەكرێت.
ئەمەش دوای قسەكانی نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراقی دێت كە ئاماژەی بەوەكردبوو، لەگەڵ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 70 دۆلار، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، چونكە داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق بۆ 9 ترلیۆن دینار دابەزێت، کە ترلیۆنێکی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات و ئەو 8 ترلیۆنەی دەمینێتەوە تەنها بەشی مووچە دەکات کە بڕەکە 7.5 ترلیۆن دینارە و نیو ترلیۆن دیناری بۆ بەشەخۆراكە.
ئەوەشی خستۆتەروو، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق گرفتار دەبێت بەدەست دابینیکردنی مووچەوە، بۆیە هەتا نرخی نەوت لە خانەی 70 دۆلارییدا بمێنێتەوە، مووچە دوادەکەوێت و ئەگەری کەمکردنەوەشی لە ئارادایە”.