باسک نێت – چەمچەماڵ
بەپێی نووسراوەکانی حکومەتی هەرێم، تاوەکو ئێستا بە دوو جار ١٤٨ ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپەی چەمچەماڵ دیاریکراوە، بەڵام قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک تەرخان نەکراوە و خەرج نەکراوە.
رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ تەنها بڕیاری لێدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ خەرج نەکراوە.
لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا بڕی زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخان کرا، لەمساڵیشدا زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ تەرخان کرا.
رۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سێیەم جار لەسەر یەک بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە دانرا، لەو کاتەدا قوباد تاڵەبانی بەڵێنی بە دانیشتووانی چەمچەماڵ دا، “کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە بەهیچ شێوەیەک راناگیرێت و کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەبێت لە وادەی دیاریکراودا پڕۆژەکە تەواو بکات”.
چهندین ساڵه بێئاوی بهرۆكی دانیشتووانی چهمچهماڵی گرتووه و هاوڵاتییان دەڵێن، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەردی بناغەی پڕۆژەکان زۆر دەبن، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان بناغەکان دەڕزێن و هیچیان لەسەر بونیاد نانرێت.