
باسک نێت
دوای سێ ساڵ لە کوشتنی سێ ئەندامی خێزانێکی کورد لە ڕووسیا، تاوانبارەکە لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
شەوی 16 لەسەر 17ی ئەیلوولی 2021، لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی ڕووسیا، سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی نیشتەجێی گوندەکە بەناوەکانی گولیستان ئیبراهیمۆڤا، تەمەن 59 ساڵ، نادیر تەمەن 19 ساڵ و عەزیزی پێنج ساڵان، کە سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ بوون، لە لایەن کەسێکی بەڕەچەڵەک ڕووسیی، بەناوی ڤیکتەر میرسکۆی کوژران.
تاوانبارەکە دوای کوشتنی سێ هاوڵاتییە کوردەکە، هێرشیکردە سەر بنکەی پۆلیسی ناوچەکە و کارمەندێکی پۆلیسی بریندار کرد. لە کاتی گەڕانی هێزە ئەمنییەکانی ڕووسیا بەدوای تۆمەتباردا، ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەوە و دواتر بە برینداری دەستگیرکرا.
بەگوێرەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانی تاوانبارەکە، کێشەکە لەسەر مانگایەک بووە و تۆمەتبارەکە ویستویەتی مانگاکە لەو خێزانە کوردە بکڕێت، بەڵام ئەوان پێیان نەفرۆشتووە و بۆخۆیان بەکاریانهێناوە، بۆیە میرسکۆی لە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە سکاڵای لە دژی گولیستان تۆمارکردووە، بەڵام پۆلیس لایەنی خێزانە کوردەکەی گرتووە.
پاش سێ ساڵ و چەندین دانیشتنی دادگا، دواجار دادوەر سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر تاوانباردا سەپاند و لەبەردەم دادوەریشدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و وتوویەتی: “کوشتنی منداڵە تەمەن پێنج ساڵەکە بەڕێکەوت بووە”.