باسک نێت
بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێویستی بە دامەزراندنی 120 هەزار مامۆستایە، بەپێی بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 هەزار مامۆستایان پێویستە و وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانیان دەکات.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی بە میدیای پارتی ڕاگەیاند “ئەو رێککەوتنەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە گەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەیکات، لەگەڵ پەروەردەی کوردستانیش دەکرێت. لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێری گشتی پێویستمان بە نزیکەی 15 بۆ 16 هەزار مامۆستا دەبێت.”
دەشڵێت “دەبێت ئەو کەسانە مەرجەکانیان تێدا بێت، واتە وەزارەتی پەروەردە هەڵیان دەبژێرێت، پێشکێشکردن لەرێگەی فۆرمەوە نابێت.”
هەفتەی داهاتوو سەرجەم مەرجەکانی پێویست لەو مامۆستایانەی وەردەگیرێن و بڵاودەکرێنەوە. “دەبێت تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها شارەزاییان لە بواری ئای تی و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و تابلێت هەبێت، چونکە سەرژمێرییەکە ئەلیکترۆنییە و پێویستی بە شارەزاییە.”
دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە ناوەکانیان بۆ دەنێرێت، بۆ ماوەی 15 رۆژ راهێنان بەو مامۆستایانە دەکرێت و دواتر لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان کە لە مانگی تەمووز بۆ ئەیلوول بەردەوام دەبێت، بەشێکیان دەخرێنە سەر کار. ئەوانی دیکەش بۆ رۆژی سەرژمێریی گشتی دەبێت.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات