
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکیاندا باس لە سزادانی مامۆستایان دەکەن لە رێگەی پەروەردەکانی سنوورەکە.
باسک نێت – سلێمانی
مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازی سلێمانی دەڵێن، لە کاتی ناڕەزایەتیەکانیاندا زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا و فەرمانبەر بە نەهاتوو سزادراون و داواكارن ئهو بڕیارانهی بۆ سزادانی مامۆستایان له كاتی بایكۆتدا دەركراون، ههڵبوهشێنرێنهوه، بهپێچهوانهوه ههڕهشهی ههڵوێست وهرگرتن دهكهن.
لە بەشێکی روونکردنەوەدا داوایان لە بەرپرسانی پەروەردە کردووە تەواوی فەرمانەکانی سزادان هەڵبوەشێننەوە؛ “دەبێ لەوە تێبگەن کە مامۆستایەك داوای مافی خۆی بکات بە چ یاسایەك سزادەدرێت؟”.
ئاماژە بەوەش دەکەن، “پێشتر لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش هەوڵماندا سزاکانی سەر مامۆستایان هەڵبوەشێتەوە، بەڵام جگە لە بەڵێنی زارەکی هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ هەڵنەوەشاوەتەوە و هەرکات بیانەوێت دەتوانن بیانخەنە نێو مەلەفی مامۆستا و فەرمانبەرانەوە.”
لەپاڵ ئەمەشدا “گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەك لە مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە لەدەرەوەی بنەما یاساییەکان، بەردەوامە.”
باس لەوەش دەکەن لە هەردوو پەروەردەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی سلێمانی، زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو سزادراون. لە زۆربەی پەروەردەکانیش بڕیاری سزادان جێبەجێ کراوە.