
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاند، لە وەرزی دووەمی خوێندن بەردەوامیی بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەین و لە چەند خاڵێکیشدا جەختیان لە داواکارییەکانیان کردەوە.
باسک نێت
ئەمڕۆ پێنج شەممە 28 / 12/ 2023 مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سەرجەم شار و شارۆچکەکان لە شاری کۆیە و لەساڵڕۆژی شەهیدبوونی مامۆستا هێرش کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: “لە وەرزی دووەمی خوێندن بەردەوامیی بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکانمان دەدەین، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێم و زۆر بێ باک و خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ کێشەی موچەی موچەخۆراندا دەکەن و ئامادەنین کێشەکان چارەسەر بکەن”.
ڕونیشیان کردووەتەوە: “ئێمە وەک چۆن پێشتر باکمان بە فشار و چەواشەکاریی و سزادانی ئیداریی و دارایی و هەڕەشەکانی دەسەڵات نەبووە، بۆ لەمەودواش ئاوڕیان لێنادەینەوە و بە ورەیەکی بەهێزترەوە بەردەوام دەبین لەم خەباتە مەدەنییە فراوانە”.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لە بەیاننامەکەیاندا جارێکی دیکە، جەخت لە داواکارییە هەمیشەییەکانیان دەکەنەوە کە ئەم داوایانەی لای خوارەوەن:
- دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.
- دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
- دیاریکردنی چارەنوسی موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.
- دیاریکردنی چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکان.
- دابەشکردنی موچەکانمان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
هەر بەپێی بەیاننامەکەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی ئاماژەیان بەوەشکرد، هەر لێرەوە ڕایدەگەیەنن لە وەرزی دووەمی خوێندن بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر ماف و داواکارییەکانیان ناکەن و درێژە بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان دەدەن بە گروتینی زیاترەوە بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی بەکردەیی وەڵامی داواکارییەکانمان وەردەگرین.
لە کۆتایی بایاننامەکەشدا داوایانکردووە: “وەرزێکی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، لە سنوری هەولێر و دهۆک تاقیکردنەوەی خوێندن ئەنجامدرا، بەڵام لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، دەرگای قوتابخانەکان نەکرانەوە و مامۆستایان بایکۆتی سەرتاسەرییان کرد، جگە لە ناوەندە ئەهلییەکان”.