وەزارەتی کارەبای هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی وەزارەتی کرد.
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان ئامادەبوون، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یەکسانی لەدابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان درا.
هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لێژنەی پێوەری زیرەک و چاودێری و بەدواداچوونی سەرپێچییەکان و بڕیار درا هەڵمەتێکی فراوان بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە دەرەوەی پێوەری زیرەک کارەبای ڕاکێشاوە و شوێنەکانیان ئاشکرایە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بڕیاری کەمکردنەوەی کارەبا بەردەوامەکان درا.
ئاماژە بەوەشدراوە، وەزارەتی کارەبا توانای بەرهەمهێنانی کارەبای بۆ 3400 مێگاوات بەرز کردووتەوە، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ سەرووی 6000 مێگاوات کارەبا بەرز بووەتەوە.