جیهانهەواڵ

ترامپ: ئەگەر ویلایەتەکانی ئەمەریکا نەتوانن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن ئەوا لەشکر ڕەوانەدەکەم

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ڕایسپاردووە سەرۆک شارەوانیـیەکان و فەرمانڕەوای ویلایەتەکان هەنگاوی پـێویست بنێن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، ئەگەر نا ئەوا فەرمان دەکات لەشکر بە کارەکە هەستێت و بە خێرایی کێشەیان بۆ چارەسەر بکات.

ترامپ پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە باخی گوڵی کۆشکی سپی Rose Garden وتارێکی کورتی لە بارەی خۆپـیشاندانەکان پـێشکەش کرد و تیایدا گوتی ئەرکی یەکەمی ئەو وەک سەرۆک بەرگریکردنە لە ئەمەریکا و خەڵکەکەی.

گوتی هەموو ئەمەریکایـیەکان زۆر دڵگران و غەمگینن بە مەرگی دڕندانەی جۆرج فلۆید. بەڵێنی دا دادپەروەری بێتە دی بۆ مەرگی جۆرج و ئەو زیانەی بەر خێزانەکەی کەوتووە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی بەڵام ناتوانێت ڕێگە بدات دەنگی ناڕەزایی خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز لە نێو هاواری کەسانی توڕەی گێرەشێوێن ونببێت. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەم ڕۆژانەی دوایی وڵاتەکە دووچاری گێرەشێوێنی، توندوتیژی، سووتاندنی بە مەبەست، دزی و تاوان بووەتەوە.

پاشان ڕەخنەی لە ژمارەیەک لە حکومەتی ویلایەت و شارەکان گرت، گوتی نەیانتوانیوە ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی دانیشتوانیان. نمونەی هێنایەوە، گوتی گەنجێک لە شاری داڵاسی ویلایەتی تەکساس لێی دراوە و لەسەر جادە کەوتووە هەتا گیانی لەدەستداوە و هەروەها ژنێک لە باکوری ویلایەتی نیویۆرک هێرشێکی دڕندانەی کراوەتەسەر. تەنانەت لە واشنتنی پایتەخت ئاگر کراوەتەوە لە نێو یەکێک لە مێژوویی ترین کڵێساکانی وڵاتەکە، وە لە کالیفۆرنیا ئەفسەرێکی فیدراڵی ئەمەریکی ئەفریکایی بە گولـلە کوژراوە.

ترامپ گوتی ئەمانە خۆپـیشاندانی ئاشتیخوازانە نین، ئەمانە تێرۆری ناوخۆیـین، چونکە کوشتن و ڕشتنی خوێنی خەڵکی بێ تاوان سووکایەتیـیە بە مرۆڤایەتی و تاوانێکی لە دژی خودا.

گوتیشی بۆیە هەموو تواناکانی حکومەتی فیدراڵی چ سیڤیلی یان لەشکری دەخاتەگەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەوەی ناوی برد بە گێرەشێوێنی و تاڵانی و وێرانکردن و سووتاندنی بە مەبەست و هەروەها بۆ پاراستنی مافی ئەو ئەمەریکایـیانەی پابەندی یاسان. گوتی بۆیە دەستبەجێ ئەو ڕێوشوێنانە دەگرێتەبەر.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی وتارەکەی گوتی ئەمڕۆ فەرمانڕەوای ویلایەتەکانی ڕاسپاردووە ژمارەی پـێویست لە پاسەوانانی نیشتمانی کە بە ناشناڵ گارد ناسراون بڵاوبکەنەوە هەتا جادەکان کۆنترۆڵبکرێن. گوتی دەبێت سەرۆک شارەوانیـیەکان و فەرمانڕەواکان بیسەلمێنن یاسا بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت هەتا توندوتیژیـیەکان کۆتایییان پێدەێت.

گوتی ئەگەر شارێک یان ویلایەتێک ڕەتیکردەوە ڕێوشوێنی پـێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی و ماڵ و موڵکیان، ئەوا خۆی هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی لەشکر و بە خێرایی کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکات. باسی لەوەش کرد بە پەلە ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی واشنتی پایتەخت و هەروەها هەزاران سەربازی پڕچەک ڕەوانەدەکات بۆ ڕاگرتنی وەک ئەوەی ناودێری کرد بە گێرەشێوێنی و تاڵانی و تێکدان و وێرانکردنی دڕندانە.

هوشداری دا کە لە کاتژمێر 7 ی ئێوارەوە قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ دەکرێت و زۆر بە توندی پـیادەدەکرێت، وە ئەوانەشی هەڕەشەیان بۆ سەر گیان و موڵکی خەڵکی بێ تاوان دروستکردووە دەستگیردەکرێن و دادگایی دەکرێن هەتا ئەوپەڕی یاسا ڕێگە بدات.

ترامپ گوتیشی” دەمەوێت ڕێکخەرانی ئەم تێرۆرە بزانن کە ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە و سزای زیندانی درێژ دەدرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی وتارەکەی گوتی ئەگەر یاسا و دادپەروەری نەبێت، ئەوا ئازادی و سەلامەتی و داهاتووش نابێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close