تەندروستی

هیلاكبوونی چاوەكان مەترسیدار نییە، بەڵام دیاردەیەكی بێزاكەرە

بەڕێوەبەرایەتى تەندرووستى سلێمانى بڵاوی کردەوە، سەرباری ئەوەی هیلاكبوونی چاوەكان مەترسیدار نییە، بەڵام دیاردەیەكی بێزاكەرە، بە چەند ڕێگایەک دەتوانین چاوەکانمان لە ماندووبون بپارێزین لەوانەش پشوودان، باشتركردنی هەواگۆڕكێ لە شوێنی كاردا، ئەنجامدانی ڕاهێنان و بەكارهێنانی چاویلکەی گونجاو.

باسک نێت

بەڕێوەبەرایەتى تەندرووستى سلێمانى لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بە چەند رێگایەک دەکات بە مەبەستى پاراستنى چاوەکانمان لە ماندووبون و دەقى نووسینەکەش بەمجۆرەیە:-

سەرباری ئەوەی هیلاكبوونی چاوەكان مەترسیدار نییە، بەڵام دیاردەیەكی بێزاكەرەوە و كاتێك چاوەكان هیلاك دەبن هەست بە سووتانەوە و خوران دەكرێت.

چۆن بتوانین چاوەکانمان لە ماندووبوون بپارێزین؟

یەکەم- پشوودان، پشوو بە چاوەكانت بدە لە كاتی هیلاكبوونیدا و هەوڵبدە بۆ ماوەی (پێنج) دەقیقە چاوەكانت دابخەیت.

دووەم- باشتركردنی هەواگۆڕكێ لە شوێنی كاردا، دەبێت شوێنی كاركردن هەواكەی پاك بێت و تەپوتۆزی تێدا نەبێت و هەروەها جگەرەی تێدا نەكێشرێت بۆئەوەی چاوەكان پارێزراو بن لە ووشكبوونەوە.

سێیەم- ئەنجامدانی ڕاهێنان، پێویستە لە كاتی كاركردندا ڕاهێنانی پشوودان ئەنجام بدرێت وەك دانانی ئەنیشك لەسەر مێزی كاركردنەكەت و پاشان بەرزكردنەوەی دەستەكانت بۆ سەرەوە بۆ خستنە ژێر چەناگەت یاخود دانانی سەرت لە نێوان هەردوو قۆڵت و دەستتدا پاشان داخستنی چاوەكانت و كرداری هەناسەدانی قووڵ ئەنجام بدە .

چوارەم- شێلانی برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو، مەساجكردن بۆ برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو بۆ ماوەی ١٠ چركە یارمەتیدەرە بۆ دووركەوتنەوە لە وشكبوونەوە و هیلاكبوونی چاو.

پێنجەم- بەكارهێنانی چاویلکەی گونجاو، لە كاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەردا یاخود لە كاتی خوێندنەوەدا، ئاگاداربە لە بەكارهێنانی چاویلكە و هاوێنەی پزیشكی چاو بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی چاویان لاوازە پێویستە ئەو چاویلكەیەی بەكاری دەهێنێت گونجاوبێت و لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە دانرابێت.

شەشەم- بەكارهێنانی قەترەی چاو، لە كاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئەوا چاوەكان رووبەڕووی هیلاكبوون و ووشكبوونەوە دەبنەوە بۆیە دەبێت لەو كاتانەدا قەترەی چاو بەكاربهێنرێت بۆ ڕوودانی گریانی دەستكرد كە بەبێ ڕەچەتەی پزیشكی لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێت و چاو لە وشكبوونەوە دەپارێزێت و پاكی دەكاتەوە.

حەوتەم- چاوتروكانی زیاتر بۆ چالاكبوونی چاوەكان، هەركاتێك كۆمپیوتەر زیاتر بەكاربهێنرێت ئەوا پێویستە چاوەكان زیاتر بتروكێنرێت ئەویش لە پێناو چالاكبوونی زیاتری چاوەكان و هێشتنەوەی بە تەڕی و ڕوونەدانی وشكبوونەوەی چاوەكان.

هەشتەم- ئامێرە ئەلكترۆنییەكان، پزیشكان ڕێنمایی ئەوە دەكەن لە كاتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكاندا وەك كۆمپیوتەر و هاوشێوەكانی ، بۆ ماوەی (٥ بۆ ١٥) چركە چاو لەسەر شاشەی ئەو ئامێرانە لابەرین و بە سەیركردنی شوێنێكی دیاریكراو و دورتر لە ئامێرەكە بڕوانین.

نۆیەم- خۆراك، خواردنی خۆراكەكانی وەك سپێناغ و ماسی و هێلكە و چەرەسات و پرتەقاڵ لە ژەمە سەرەكییەكانی ڕۆژانەدا.

دەیەم- شوێن، پێویستە ئەو شوێنەی كە ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی تێدا بەكار دەهێنرێت ڕووناكییەكەی گونجاو بێت واتە ڕووناك بێت و تاریك نەبێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close