
لە چوارچێوەی چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەمى حكومهتی ههرێمی كوردستان، کە زۆربەی سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، رێکخستنەوەی باج و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی كه لە باج بەخشراون، نوسراو ئاراستەی زۆربەی کۆمپانیاکان کراوە، بۆ ئهوهی دەست بە مامەڵە بکەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بە تایبەت کۆمپانیا و خاوەن سەرمایە گەورەکان، داواشیان لێکراوە، تا کۆتايی ئەم مانگە لیستی داهات و قازانجیان ئامادە بکەن.
لهم بارهیهوه کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجهكان و خانوەبەرەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە چوارچێوەی چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەم تەواوی کۆمپانیاکان لە بڕیاری حکومەت لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوون لە باج ئاگادار کراونەتەوە.
لهكاتێكیشدا کابینەی نۆییەم بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و یەکسانی و چاکسازی، چەند بڕیارێکی لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێخۆشبوون لە باج و رێکخستنەوەی باج دەرکردووە، كه بووەتە هۆی یەکسانی شەفافیەت و زیادکردنی داهات، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەڵێت: لیژنەیەك لە وەزارەتی بازرگانی بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باج پێكهاتووە، بۆ ئەو کارگانەی بە فیعلی لە کارکردندان و چەند رێکارێکيش بۆ ئەو مەبەستە دەگیرێتە بەر.
چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەم تەنها لە خەرجیەکان نیە، بەڵکو سەرجەم سێکتەرەکانی گرتووهتهوه، بە تایبەت زيادكردنى سەرچاوەکانی داهات، كه رێکخستنەوەی باج یهكێكه لهو چاکسازیانه، یهكهم هەنگاويش لە کۆمپانیا گەورەکانهوه دەستپێکردووە و ئاگادار کراونەتەوە، ئەوانەی بە نایاسايی لێخوشبوونیان بۆ کراوە، بڕیارەکە هەڵدهوەشێتەوە.