ئابووریكوردستانهەواڵ

وەزارەتى دارایی هەرێم لەسەر دابەشکردنى مووچە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێم رایگەیاند،  ئەگەر رێکارەکانی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبنە لەمپەر، ئەوا ئەو خشتەی مووچەیەی کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بکرێت، لە رۆژانی دواتردا دابەشدەکرێت.

لە روونکردنەوەیەکدا کە وتەبێژى وەزارەتى دارایی و ئابورى بڵاویکردوەتەوە رایگەیاندوە”دابەشکردنی مووچە بەداخەوە، ئەمرۆ لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەمان بەوەدابوو کە بەهۆی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە تایبەت بوو بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ، ئەو خشتەی مووچەیەی کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بکرێت، ناتوانرێت لەو رێکەوتە دابەشبکرێت و لە رۆژانی دواتر دابەش دەکرێت؛ چونکە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، نە پێشمەرگە ئازیزەکانمان دەتوانن هاتووچۆ بکەن نە بانکەکانیشمان دەتوانن دەوام بکەن”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بابەتە لەلایەن هەندێک لایەن و بەرپرسی نابەرپرسەوە بۆ موزایەدەکردن، بەلاڕێدا براوە، بە جۆرێک کە دەیانەوێت تەندروستی و سەلامەتیی خەڵکیش بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکار بهێنن. لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو قەیرانە تەندروستییەی کە ژیانی مرۆڤایەتی خستووەتە مەترسییەوە.

وتەبێژەکەى وەزارەتى دارایی رایگەیاندوە، هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەودۆخە بکەن، بۆیە داوا لە لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنانە بگرنە بەر کە کار لەسەر کەمکردنەوەی ورەی خەڵک دەکەن و ئاسایشی دەروونی هاوڵاتییانی کوردستان دەخەنە مەترسیەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری، دووپاتیدەکاتەوە کە ئەگەر رێکارەکانی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبنە لەمپەر، ئەوا ئەو خشتەی مووچەیەی کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بکرێت، لە رۆژانی دواتردا دابەشدەکرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close