ئابووریكوردستانهەواڵ

لە سلێمانی 16 پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون دەكەونەكار

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەنێو ئەو 55 پڕۆژەیەی جێگری سەرۆك وەزیران فەرمانی ڕاپەڕاندنیانی داوە 16یان تایبەتە بە نیشتەجێبوون.

یەكشەممەی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگای سلێمانی، داوایكرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا 55 پڕۆژەی وەبەرهێنەران بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.

قوباد تاڵەبانی داواشی لێكردن هەر لە دوای كۆبوونەوەكە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان وەك یەك تیم كاربكەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروستبكەن تاكو لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا سەرجەم پڕۆژەكان بكەونەوەكار و جەختیكردەوە خۆی ڕاستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەكان دەبێت.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕایگەیاند، لەو 55 پڕۆژەیەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی پێدان، 20یان پڕۆژەی نوێن، 35یشیان ئەوانە بوون كە سستی لە بەڕێكردنی كارەكانیان لە فەرمانگەكاندا هەبووە.

وتیشی، “بۆیە كاك قوباد جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەو پڕۆژانە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بخرێنە بواری ئیشكردنی تەواو و فەرمانگەكان هەماهەنگی یەكتری بكەن”.

دەربارەی جۆری پڕۆژەكان، عەزیز سەعید وتی، 16 پڕۆژەیان نیشتەجێبوونە، ئەوانی دیكە سەرجەم سێكتەرەكانی دیكەی تیایە (پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی، گەشتوگوزاری، پەروەردەیی و تەندروستی).

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان “بۆ سەرجەم پڕۆژەكان تەواوی فەرمانگەكانی حكومەت بە یەكدەستی ئیشیان تیادەكەن، بڕیارەكەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگەكاندا دروستكردووە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close