
فۆکس نیوز: ترەمپ بەم زووانە بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی ئێران دەدات
باسک نێت
کەناڵی “فۆکس نیوز”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتۆنەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر پێگەکانی ئێران، هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاش (سێنتکۆم) لە ئامادەکاریی کۆتاییدایە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی 11ـی 2026، کەناڵی “فۆکس نیوز” بڵاویکردەوە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگری و سەربازییەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەتەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن بەم زووانە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕ دەدات بە ئامانجی ڕاگرتنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ڕووی مەیدانی و کەشناسییەوە، کەشوهەوای ڕۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تەواوی لەبار و گونجاوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و مووشەکییەکان.
هەر بەپێی هەواڵەکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکانی خۆی گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام تا ئێستا فەرمان و ڕێنماییی کۆتاییی دەستپێکردنی هێرشەکەی لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆشکی سپییەوە پێنەگەیشتووە.




