
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم: “داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین”
باسک نێت
ڕاگەیاندراوی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لەسەر بڕیاری هاوردەکردنی هێلکە و مریشک:
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناوی پارێزگاری لە بەرهەمی نیشتمانی و پشتگیریکردن لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی فەرمی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە دواخستنی سەندنەوەی باج لەسەر هێلکە و مریشکی هاوردە دەردەبڕێت و داوای پێداچوونەوە و هەڵوەشانەوەی بەپەلەی پێ دەکات.
بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەم بارەیەوە دوو نامەی ناڕەزایی ئاراستەی هەریەک بەڕێز علی زیدی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق و عبدالرحیم الشمری وەزیری کشتوکاڵی عێراقی فیدڕاڵ کردو جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان، بە پشتیوانیی پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەت و ماندووبونی وەبەرهێنەران، گەیشتووەتە قۆناغی خۆژێنی و زۆری بەرهەمهێنان، بە جۆرێک کە:
لە کۆی (59) پرۆژەی هێلکەی مێز، ساڵانە زیاتر لە (4.8 )ملیار دانە هێلکە بەرهەم دێت، لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆیی تەنها (1.8) ملیار دانەیە.
زیاتر لە (2,100) پرۆژەی مریشکی گوشت ساڵانە سەرووی (450) هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا پێویستیی هەرێمی کوردستان تەنها (150) هەزار تۆنە.
ئەم ئامارانە سەلمێنەری ئەوەن کە بەرهەمی ناوخۆیی نەک هەر پێویستیی تەواوی هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە، بەڵکو توانایەکی گەورەی هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراقیش. کەواتە، لابردن یان دواخستنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، بازاڕی ناوخۆ دەخنکێنێت، زیانێکی دارایی قورس بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت و هەلی کار بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی دەخاتە مەترسییەوە.
لەم سۆنگەیەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕێگەی دوو نامەی فەرمی و ناڕەزایەتییەوە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بڕیارەکە هەڵبوەشێننەوە و پێداچونەوەی بۆ بکرێت لە جیاتی ئەم بڕیارانە، هاوکاریی دابینکەرانی ئالیک و خاوەن کێڵگەکان بکات و ڕێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بگاتە سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
حکوومەتی هەرێمی کوردستان




