نوسەران

خەتای ئیسلامە ؟ یان عەقڵی ترەمپ نوسخە کۆنەکەیە ؟

خەتای ئیسلامە ؟ یان عەقڵی ترەمپ نوسخە کۆنەکەیە ؟

 

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین و خوێندنەوە بۆ شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی قوتابیانی خوێندنگا دوا ناوەندیەکانی پاریس بکەین بۆمان دەردەکەوێ بۆچی ترەمپ ئەو هەڵە گەورەیەی کرد کاتێک وتی : گرفتەکە ئیسلامە ، ئیسلام هۆکارەکەیە !
لە پاریس نەوەیەکی نوێ دەڕژێتە سەر شەقام ، نەوەیەک کە لە جەنگی ساردا لەدایک نەبووە ، هیچ شتێک لەبارەی ناکۆکی نێوان ( ئیسلام و ڕۆژئاوا ) نازانێ و شارەزا نیە ، داواکاریەکانی ئەم نەوە نوێیە زۆر داواکاری سادەن :

تەختەیەکی نووسین کە ئاوی لێ نەچۆڕێتە خوارەوە ،
کورسیەک کە لە پۆلدا لەسەری دانیشێت ،
قەرەباڵغی پۆلەکان کەم بکرێتەوە ،
مامۆستایەکیش کە غائب نەبێ .

ئەم نەوە نوێیە ئەبدەیتەکەی ڕۆژانەیە ، ناڕەزایەتی و ڕێپێوانەکانی لە تیک تۆک لە تەنها خولەکێکدا ڕێک دەخات ، وێنەی قوتابخانە کۆن و وێرانبووەکانی دەگرێت و بڵاوی دەکاتەوە بۆ هەموو جیهان ، بەلای ئەوەوە کێشەکە ئایدۆلۆژی و عەقائیدی نیە ، بەڵکو گرفتەکە خەدەمی و خزمەتگوزارییە .

ئەی کێشەی ترەمپ چیە ؟

وەڵام : کێشەی ترەمپ ئەوەیە تا ئێستاش هەر بە عەقڵی نوسخە کۆنەکەی خۆی بیر دەکاتەوەو کار دەکات ، نوسخەی ٢٠٠١ ، واتە نوسخەی ( جەنگ دژی تیرۆر ) ، ( پێکدادانی شارستانیەتەکان ) .. ترەمپ کاتێک دیمەن و وێنەی ڕێپێوانەکانی بینی عەقڵە کۆنەکەی نەیتوانی دیمەنە نوێکە بخوێنێتەوە ، بۆیە ڕاستەوخۆ گواستیەوە بۆ دۆسیەکۆنەکەی : ( خەتاکە خەتای ئیسلامە ، دەیەوێ زاڵ ببێ ) .
بێ گومان لێرەدا بۆشاییەکە بۆشایی زەمەنیە ، بۆشایی سیاسی نیە .

قوتابیە فەرەنسیەکە دەڵێت : کورسیم دەوێت ، ترەمپیش لەوەڵامدا دەڵێت : تۆ خەلافەتی ئیسلامیت دەوێ .. قوتابیەکە دەیەوێ قوتابخانەکەی بۆ نۆژەن بکرێتەوە ، بەڵام ترەمپ دەیەوێ گوتاری بگۆڕێ.

کەواتە ئەمەیە گرفتی نوسخە کۆنەکە ، کاتێک عەقڵەکە هێشتا عەقڵی ٢٠٠١ ە ، لەکاتێکدا جیهان جیهانی ٢٠٢٦ ە ، ئەو عەقڵەی کە تەختەو کورسی نابینێ و ناخوێنێتەوە ، بەڵکو هەمیشە ئەوە دەبینێت کەلێی دەترسێت .

نەوەی نوێ نایەوێ جیهان بڕوخێنێ ، جیهان کۆنترۆڵ بکات ، تەنها شوێنێکی دەوێت تێیدا دابنیشێت بۆئەوەی فێر بێ چۆن بەسەر داهاتوویدا زاڵ ببێ.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close