
رەجەب تەیب ئەردۆغان:
“تورکیا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر سیناریۆی جەنگی حەتمی بونیاد نانێت”
باسک نێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لـە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری “Newsweek” سەبارەت بە پیشاندانی تورکیا وەک هەڕەشەیەکی نوێ لە لایەن ئیسرائیلەوە، دەڵێت، لەم دواییانەدا لە ئیسرائیل گێڕانەوەیەکی هەڵە بڵاودەکرێتەوە کە تورکیا وەک سەرچاوەیەکی نوێی هەڕەشە وێنە دەکات، ئێمە پێمان وایە ئەم گێڕانەوەیە پەیوەندی بە پڕۆسەی سیاسی ناوخۆیی و کەشوهەوای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلەوە هەیە، ئێمە ئەم وتارە بە رێبازێکی بەرپرسانە نابینین کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئاشتی ناوچەیی.
ئەردۆغان جەختی کردووە، تورکیا هیچ دوژمنایەتییەکی بەرامبەر گەلی ئیسرائیل یان هەر کۆمەڵگەیەکی تر نییە و وتى، نەیاری ئێمە ئاڕاستەی ئەو سیاسەتانەیە کە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانین و ئەو هەنگاوانەی کە ناسەقامگیری لە ناوچەکەماندا زیاتر دەکەن.
سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سوریا و پەیوەندییە بەرگرییەکانی ئیسرائیل و یۆنان دەکرێت ببنە هۆی روبەڕوبوونەوەی سەربازی راستەوخۆ لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل، ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا سيناریۆی لەو شێوەیە بە حەتمی نازانێت و تورکیا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر سیناریۆکانی جەنگی حەتمی بونیاد نانێت.
ئەردۆغان روونیکردووەتەوە، پاراستنی سەروەری سوریا لەپێشینەی تورکیايە، سەلامەتی خاکی و یەکێتی نیشتمانییەتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتە دروست
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە لێکەوتە ئەگەرییەکانی روودانی پێكدادانی سەربازی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل لەسەر هاوپەیمانی ناتۆ (NATO)، وتى، لە رڕی باسکردنی لێکەوتەکانی جەنگێکی لەو شێوەیە، دەبێت سەرنج بخرێتە سەر دیپلۆماسی بۆ رێگریكردن لە روودانی.
لەبارەی رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش لە نێوان تورکیا، عەرەبستانی سعودیە و پاکستانیش، ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە کە ئەم رێککەوتنە بلۆکێکی سەربازی بێت دژی ئێران، ئیسرائیل یان هەر وڵاتێکی تر پێکهێنرا بێت و رایگەیاند، تورکیا هاوپەیمانێتییە ناوچەیییەکان لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی وڵاتانی سێیەم دانامەزرێنێت، ئامانجی سەرەکی سیاسەتی تورکیا لە ناوچەکەدا دروستکردنی بەرەو ململانێی نوێ نییە، بەڵکو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیییە.




