
مووچەی فەرمانبەران زیاد دەكرێت
محەمەد حسێن ئەبو ئەلعیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشنیارێك لەلایەن هەردوو حكومەتی پێشوو و ئێستاوە خراوەتە ڕوو، یاسای خشتەی مووچە لەگەڵ زیاتر لە (٣٤) ماددەی یاساییدا یەكناگرێتەوە، ئەمەش وایكردووە تێپەڕاندنی یاساكە پێویستی بە چارەسەركردنی كۆمەڵێك گرفتی یاسایی هەبێت پێش ئەوەی بە یەكجاری پەسەند بكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، وەزیری دارایی پێشنیازێكی خستووەتەڕوو بۆ هەمواركردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزم، وەك چارەسەرێكی كاتی تا ئەو كاتەی ئەو مادە یاساییانە چارەسەر دەكرێن كە لەگەڵ خشتەی مووچەدا یەكناگرنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە شێوازێك كە گونجاو بێت بۆ جێبەجێكردن.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیكردەوە، ئامانج لە ڕێكخستنەوەی خشتەی مووچە، بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كەمكردنەوەی جیاوازییە داراییەكانی نێوان فەرمانبەرانی وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكانە، بەتایبەتی كە جیاوازییەكی ڕوون لە نێوان مووچەی هەندێك توێژ و پلەی وەزیفیدا هەیە.




