ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامینوسەران

لە یادی ساڵڕۆژی وەفاتی مامۆستا ملا عوسمان یادکردنەوەی جوانی و باشیەکان

لە یادی ساڵڕۆژی وەفاتی مامۆستا ملا عوسمان

یادکردنەوەی جوانی و باشیەکان .

هەرچەندە دەڵێن (اذْكُرُوا مَحَاسِنَ مَوْتَاكُمْ وَكُفُّوا عَنْ مَسَاوِيهِمْ) فەرموودەیەکی لاوازە ،بەڵام ئەگەر فەرموودەش نەبێ ووتەیەکی جوانە ، بەندە ساڵیادکردنەوەی کۆچکردووانمانم زۆر پێ خۆش نیە ئەگەر بۆ پەندو عیبرەت وەرگرتن نەبێت لە مردن وەیان یادکردنەوەی ئامۆژگاری و کارە باشەکانی کۆچکردوو نەبێت . هەربۆیەش بەندە هەر لەمنداڵیەوە تا کۆلێجم تەواو کردووە قووتابی و خوێندکاری مامۆستا ملا عوسمان بووم لە مزگەوتی شافیعی هەمئاهەنگ لەگەڵ خوێندنی قوتابخانە لە تەنیشت ماڵی خۆمان لە هەڵەبجە .

بۆیە لە ساڵیادی کۆچکردنیدا یاد دەکرێتەوە وە ناوو وێنەی دێتەوە ناو سۆشیال میدیا بەندەش وەک خۆشەویستیەک بۆ ڕەحمەتی هەندێک وێستگەی ژیانم لەخزمەت ئەودا دێتەوە یاد لەمێشکمدا چێژی لێ دەبینم ڕەحمەتی بۆ دەنێرم ..
یەکێک لەو وێستگانەکە هەرگیز لە بیرم ناچێت بەردەوام بۆ منداڵ و نەوەکانم و شوێنان دەیگێڕمەوە کە ئەو مامۆستا ڕەحمەتیە چ بەرەکەتێک بوو خودا ناردبووی ببێتە ئیمامی مزگەوتەکەمان بەهرەمەند بین لە ئامۆژگاری و ڕنوێنیەکانی .

لەپۆلی سێی ناوەندی ئەوکات و نۆی ئێستا بووم لەمزگەوت لەگەڵ هاوڕێکانی گەڕەک سەعیمان دەکرد مجێور(خادمی مزگەوت) ەکە بەڕەحمەت بێ ناوی (( دەروێش مجید )) بوو کە بە (( دەروێش مەجی )) بانگ دەکرا نەیدەهێشت سەعی بکەین زوو زوو دەری دەکردین دەیگووت بڕۆن لە ماڵەوە یان لە دەشت سەعی بکەن ئێوە فەرشەکانی مزگەوت پیس دەکەن ،ئێمەش چووین بۆ خزمەت مامۆستا ملا عوسمان شکاتمان لێ کرد جەنابی یەکسەر تەشریفی هێناو تووڕە بوو لێی جا مامۆستای ڕەحمەتی هەر بۆ سووعبەت هەندێک جار لەبری ( دەروێش مەجی ) دیفەرموو بانگی دەکرد ( بەروێش دەجی ) .
پێی
فەرموو کوورە
( بەروێش دەجی ) ئەوە ئەو گوڵانە بۆ دەتۆرێنی و دەریاندەکەیت لەمزگەوت ناهێڵی سەعی خۆیان بکەن لەگەڵ نوێژەکانیان ئەی پێت خۆشە بچنە دەرەوە فێری کاری نەشیاوبن ئەمانە ڕۆڵەی ئێمەن سبەی دەبنە دکتۆر کەئێمە پیر و نەخۆش کەوتین چارەسەری من و تۆ دەکەن .

درێژەی نادەمێ تەمەن هات و تێپەڕی نمرەی کۆلێجی پزیشکیم هێناو بوومە دکتۆر ساڵی نەوەدەکان پاش ڕاپەڕین لە هەڵەبجەی تازە بوومە پزیشک و ئەوکات بزووتنەوە ئیسلامی سەرکردایەتیان لە چەمی زەڵم لە احمدئاوا بوو شەوێکیان کاتژمێر دوانزەی شەوبوو سەیارەیەک تەقەی دا لەدەرگامان دەبینم حیمایەکانی مامۆستان هاتبوون بە شوێنمدا ووتیان مامۆستا ملا عوسمان نەخۆشەو ناردووینی بەدواتا منیش بە جانتایەک پێداویستی پزیشکی لەگەڵیان ڕۆشتم بۆ احمدئاوا بۆ خزمەت مامۆست دەبینم لە تەنیشت چەمی ئاوەکەی زەڵم لەسەر بەردە نوێژێک لێی ڕاکشاوە لەرزو تایەکی زۆر دایگرتووە منیش ئەوەی پێویست بوو لەچارەسەر بۆم ئەنجام دا….

لەو کاتەدا ووتم مامۆستا گیان ئەمە بەرهەمی ئەو ئامۆژگاری و چاکەیە کە لەگەڵ ئێمەی لاوو گەنجی ئەوکاتی مزگەوتی شافیعی بەتایبەت و هەڵەبجەدا بەگشتی کردت و ووتە بەنرخەکەت کە فەرمووت (((بەروێش دەجی ئەمانە مەکە دەرەوە کێ دەڵێ نابنە دکتۆر و چارەسەری من و تۆ ناکەن))) هەست دەکەم ئاوەتەکەت هاتە دی .

هەزار ڕەحمەتت لێ بێت گۆڕت هەمیشە پڕ نوور بێت بەردەوام لە دۆعا بێ بەشت ناکەین ،انشاءالله پشکت هەیە لە هەرکاری خێرێک ئێمە ئەنجامی دەدەین .

دکتۆر کامیل حیدر سەرگەتی ✍️باسک نێت

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close