
با هەموو هاووڵاتیەکی ئەم کوردستانە ئەم ڕاستیانە بزانێت
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
ئاشكرایە گەلی كورد لە باشووری كوردستان ماوەی دەیان ساڵە بەدەست جۆرەها زوڵم و ستەم و دەسەڵاتی سەقەت و ، نادادیی لە دابەشكردنی سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانەو ، كپكردنی ئازادی ڕاستەقینەدا گیرۆدە بووە ، ڕاستە دوای ( 35 ) ساڵ لە حوكمڕانی خۆماڵی و سەرەڕای ئەو سەروەت و سامان و داهاتە خەیاڵی و زەبەلاحەی پەروەردگار بەم نیشتمان و گەلەی بەخشیوە كەچی (33) ملیار دۆلار قەرز بەسەر شانی ئەم میللەتە بەش مەینەتەدا دراوە و تاكی كورد ئێستا هەموو خەم و خەون و ئاواتێكی تەنها بووەتە موچەو دابینكردنی ژیانی ڕۆژانە و هیچی تر! ڕاستە كوردستان ساڵانێكی دوورودرێژە بەدەست دەسەڵاتی حیزبی و ناوچەیی و بنەماڵەیی یەوە دەناڵێنێت و حكومەت لەرزۆكە و دام و دەزگاكانیشی نیمچە ئیفلیج كراون و جەماوەر هیچ جۆرە متمانەیەكی نە بەدەسەڵات و نە بەحیزب و نە بە ئۆپۆزسیۆن و نە بەهەڵبژاردن و نە بەگۆڕانكاریی نەماوە! سەرەڕای داننان بەم هەموو ڕاستیانەدا ئێمە ئەگەر بەراوردێكی ووردو واقیعیانە لەنێوان بارودۆخ و دەسەڵات لە كوردستان و دەسەڵات لە بەغداو دام و دەزگاكانی و ئەو بارۆخەی عێراق و هاوڵاتیان تێیدا دەژین بكەین و ، بمانەوێ بە ویژدان و بە ئینسافەوە و بێ لایەنانە بڕیار بدەین و دیمەنە ڕاستەقینەكە وەك خۆی پیشان جەماوەر بدەین ، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بە ڕاستی سەرەڕای ئەو هەموو تاڵاویانەی بەرۆكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان گرتووە دەبینین جیاوازی نێوان كوردستان و بەغداو ناوچەكانی تری عێراق جیاوازی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە و ئەوەی لە عێراقدا هەیە لە پێكهاتەی دەسەڵات و نوخبەی سیاسی و سروشت و جۆری بەڕێوەبردن و حوكمڕانی لە هیچ شوێنێكی تری دنیادا بوونی نیە مەگەر لەلای پڵنگەكانی تامیل لە سریلانكاو بەرەی پۆلیساریۆ لە بیابانی مەغریب و وڵاتی مەدەغەشقەرو مۆزەمبیق لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیادا نەبێت!
دوای ڕووخانی سەدام عێراق بە چەندان دەردی سەری و قۆناغی تاڵدا تێپەڕیوە هەر لە تیرۆركردن و كوشتنی سەدان پیاوی ئاینیی و زاناو پسپۆڕی ئەكادیمی گەورە و كەسایەتی ناوداری عێراقی ، هەروەها هەڵگیرساندنی شەڕی تاییفی شیعە و سوننە و بوون بە سوتەمەنی دەیان هەزار كەس بەو شەڕە نەگریسەوە ، بە هەدەردان و دیارنەمانی سەدەها ملیار دۆلار لە خەزێنەی گشتی و ، پەیدابوونی دەیان هێزی چەكدارو میلیشیا لە دەرەوەی هێزی چەكداری دەوڵەت و ، ڕفاندن و بێ سەروشوێن كردنی سەدان كەسانی ناودارو بازرگان و مامۆستای زانكۆو كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئایینی و ، هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووریی و وێران كردن و خاپووركردنی دەیان شارو شارۆچكە و ناوچەیەكی بەرفراوانی عێراق و ، ئاواره بوونی سه دان هه زار هاوولاتی سوننه مەزهەب بەهۆی شەڕی داعش و حكومەتی عێراقەوە ، ئەمانە دیمەنی عێراقی ساڵانی ڕابردووە!
عێراقی ئێستاش : حاڵی حازر تا بینە قاقای نوقمی گەندەڵی سیاسی و دارایی و ئابووریی و ئیداریی بووە و لە وەزیرەوە بگرە تا پاسەوان و فەرمانبەرێكی سادە تێوەگلاوە و عێراق بە سێهەمین وڵاتی گەندەڵی جیهان دادەنرێت! جگە لەوە هەزارەها پڕۆژەی خەیاڵی لە پایتەخت و شارەكانی تری عێراقدا كە بووجەیان بۆ تەرخان كراوە پارەكەیان دیار نەماوە و، پۆستی وەزیرو بریكارو بەڕێوبەرایەتیە گشتیەكان و تەنانەت هەندێ جار پۆستی سەرۆكی زانكۆو ڕاگری كۆلیژەكانیش لەلایەن بەرپرس و كەسانی دەست ڕۆشتوو نزیك لە باڵەكانی دەسەڵاتەوە كڕین و فرۆشتن و مامەڵە و سەودای سەدان دەفتەر دۆلاریان پێوە دەكرێ!
بە وتەی كەسانی نزیك لە دام و دەزگا فەرمیەكان و شارەزا و ئاگادار لە ووردەكاری ژیانی خێزانیی كۆمەڵگەی عێراقی ، كۆمەڵگەی عێراقی لەڕووی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیەوە خەریكە ڕووبەڕووی مەترسی هەرەسهێنان دەبێتەوە و ، بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی و بێ باكی و خەمساردی دەوڵەت و دەزگا پەیوەندی دارەكانەوە شەپۆلێكی بەربڵاوی بەدڕەوشتی و ناپاكی خێزانی و مۆدێلی هاوسەر گۆڕینەوە بەشێوەیەكی مەترسیدارو پەنهانی و شاراوە لە پەرەسەندندایە! لەلایەكی تریشەوە هەزارەها مرۆڤی بێ تاوان چەندان ساڵە ڕاپێچی زیندانەكان كراون و نە دادگایی دەكرێن و دۆسیەكانیان یەكلایی دەكرێتەوە ، یان ئەگەر دۆسیەكانیشیان یەكلایی بكرێتەوە ئازاد ناكرێن هەتاوەكو چەند دەفتەر دۆلارێك بەرتیل لە خێزانەكانیان وەرنەگیرێت ، یان هاوسەرەكانیان توشی گێچەڵ و دەست درێژی سێكسی دەكرێنەوە!
ئەگەر فەرمانبەرو هاوڵاتی لە كوردستان لە ئەنجامی هەژاری و بێ موچەیی و ستەم و نادادیدا دەكوڵێ و توڕەیە لە دەسەڵات و ئاوات بە بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق دەخوازێت ئەوا ئاساییە و گلەیی لێ ناكرێ و مافی خۆیەتی ، چونكە ئەوە ئەوە قوربانیەكەیەو دوورو نزیكیش ئاگای لەم ڕاستیانە نیە كە باسمان كردن و ئێمە و هەموو كەسێكی بە ئاگاو بەویژدان بەڕوونی و بەچاوی خۆمان دەیبینین و دەیبیستین و بەڕۆژی ئاشكرا هەستیان پێ دەكەین.
بەڵام خۆ دەبێت ئەو كەس و لایەن و دەستە و تاقم و گروپە بەناو ئۆپۆزسیۆنانەی كە لێرە و لەوێ و لەژێر چەند ناونیشانی جۆراوجۆردا خۆیان بە خەمخۆری کوردستان و دڵسۆزو دەمڕاستی فەرمانبەرو مامۆستاو موچەخۆر دەزانن هاوڵاتی نەگەوجێنن و باری دەروونیی شێواو و ناجێگیری جەماوەر بۆ خۆدەرخستن و مەرامی تایبەت و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ، ڕازی كردن و جێبەجێکردنی ئەجێندای ئەملاو ئەولا نەقۆزنەوە و، بە ئەنقەست یان لە بێ ئاگایی و نەزانیەوە نەبنە كەرەستەیەك بۆ ناشیرین كردنی ئەم میللەت و نیشتمانە و لەكەداركردنی مێژووەكەی و سیما جوانەكانی و بەدێوەزمە كردنی ڕەمزە نیشتمانی و خەباتگێڕو كەڵە پیاوە گەورەكانی ، كە بەڕاستی ئەمە جگە لەوەی هه ست نەکردن بەبەربرسیارێتی و ساویلکەیی و سەرلێشێواوی و لاوازی هوشیاری سیاسیی ده گەیەنێت ، کارەساتێکی ترسناکەو هیجیشی کەمتر نیە لەو حەماقەت و زەلكاوی کوردایەتیەی کە ئەوان دەسەڵاتی پێ ناشیرین دەکەن ، چونكە ئەگەر كوردستان بە دەردی دەسەڵاتەكەیەوە دەناڵێنێت ئەوا عێراق و دەسەڵاتەكەی و دامەزراوەكانی و كۆمەڵگەكەی بە دەیان دەردو ئافەتی كوشندەی ترەوە دەناڵێت كە چارەسەركردنیان لە قۆناغی ئێستادا ئەگەر خەونیش نەبێت ئەوا مەحاڵە!
جەماوەر مافی خۆیەتی لەچوارچێوەی (پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەكان و ئامانجە ستراتیجیەكان و نەبەزاندنی هێڵە سورەكان) هەر ڕێگاو ڕێكارو میكانیزمێكی سیاسیی و دیموكراسیی و عەقڵانیی گونجاو بگرێتە بەر بۆ ڕاست كردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵات و بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادیی و سەندنەوەی مافە خوراوەكانی ، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت هۆشیارو بە ئاگا بێت و دیمەنە ڕاستەقینەكە بخوێنێتەوە و هەموو ڕاستیەكان ببینێت و بە ئاسانی یاری بە هەست و نەستی نەكرێت و ، كێشە و قەیرانەكانی نەبنە بیانوو و ڕێخۆشكەر بۆ لە دەستدانی دەستكەوتە گەورەكان و بەدیهێنانی ئامانجە حیزبیی و بەرژەوەندیی و ئارەزووە كەسییەكان.
نایشارمەوە یەكێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردە متمانە پێكراوەكان پێی ووتم : زۆرێك لەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی عێراق كە لەسەر شاشەی تیڤیەكان و كەناڵە ئاسمانیەكان خۆیان مكیاج ئەكەن و قسەی قەڵەو و دروشمی ساختەی سواوی بێ ناوەڕۆک بۆ جەماوەر دووبارە دەکەنەوە ، كاتێك هاوڵاتییەك لە کوردستان كێشەیەكی هەیە و تەلەفۆنم بۆ دەكات یارمەتی بدەم و بۆی چارەسەر بكەم ، خێرا هەندێک لە هاوڕێ پەرلەمانتەرەکانم پێم دەڵێن : چیت داوە لەسەر ئێشە ، وەڵام مەدەرەوە و تەلەفۆنەكەت داخە ، خۆ ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكار نین باخۆی چارەسەری كێشەی خۆی بكات.




