نوسەران

ئالوودە بوونمان بەم ئافەتە زۆر ئازارم دەدات

ئالوودە بوونمان بەم ئافەتە زۆر ئازارم دەدات

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

مەرج نیە هەرشتێک دەخوێنرێتەوە گەشە بەعەقڵ بدات ، هەروەها مەرج نیە هەموو ئەوەی بە چاودا تێپەڕ ئەبێت زمان پاراو بکات و تەغزیەی قەریحەو ڕەوانبێژی بکات ، چونکە لە ڕاستیدا ئالوودەبوون بە ( خوێندنەوەی کتێبە ئاسانەکان ، یان مانەوەی بەردەوام لەسەر کۆمێنت و دەقە سادەکان و بڵاوکراوە خێراو کورتەکان ) دەبێتە مایەی خاوکردنەوەو سست کردنی دماری عەقڵ و ، دوای توندو تۆڵی عەقڵ و دەماخ ڕا دەهێنێت لە سەر نەرمی و فشۆڵی مەعریفی و زانستی ..بەڕادەیەک ئەگەر کتێب و سەرچاوە زانستیە درێژو گەورەکان خرانە بەردەمی ، یان ئەگەر دەقە زانستیە بەهێزو قوڵ و بەپێزەکان بەرچاوی کەوتن ، ئەوا خێرا بێزار دەبێت و بەقورسیان دەزانێ و پشتیان لێ هەڵدەکات ، هەروەک چۆن نامۆ بە باوەکان پشت لە ناباوەکان دەکات .

بەم شێوەیە کەسانی عەوداڵی زانست و مەعریفە — بێ ئەوەی هەست بەخۆیان بکەن — بەئاراستەی ( پوکانەوەی شاراوە ) دەڕۆن ، نەک تەنها لە زانیاریەکانیاندا ، بەڵکو پوکانەوە لە توانای وەرگرتن و خەزنکردن و خۆڕاگریی لەبەرانبەر دەقە قورس و سەختەکاندا .

هەروەها پوکانەوەو خاوبوونەوە لە نەفەس درێژی و ئارامگرتن لە سەر ئارەزووی گەیشتن بە پلە زانستیە باڵاکان ..مەعلومە کاتێک مرۆڤ لەسەر شتە ئاسانەکان ڕادێت ، ئیتر شتە قورسەکان بە سەخت و ناڕەحەت تەماشادەکات ، هەرکاتێکیش ( سادەو ئاسان )خۆراکی بەردەوامی بوو ، لە بابەتە وردو ئاڵۆزەکان خۆی دەدزێتەوە.
لێرەوە یەکێک لە بەرچاوڕوونیەکان بۆ کەسانی ڕێبواری ڕێی زانستیی ئەوەیە :
دست هەڵگرن لە هەندێک لەو شتە ئاسانانەی حەزو ئارەزوویان دەکەن ، باشترە بۆیان وازبهێنن لە زیادەیی و زۆروبۆرییەک کە لەتەمەنیان دەدزێت ئەگەر چی شتانی بەسوودیش بن .

سەرنج بدەن .. پێشەوا زەهەبی لە کتێبی ( المعجم المختص ) لاپەرە ٣٠٥ لەباسی ژیاننامەی ( ئەبوبەکری بەعلەبەکی) دا دەڵێت : ( ئەو هەمیشە وازی دەهێنا لەو شتانەی کە زیادەبوون لە زانستدا ) .

ئای ئێمەش ئێستا چەندە پێویستمان بە دەست هەڵگرتنی هۆشیارانەو زیرەکانە هەیە لە زۆروبۆریەکانی زانست ، لە پێناو پاراستنی ئەناقەت و لیاقەتی عەقڵی و ، بەهێزمانەوەی توانای وەرگرتن … بۆئەوەی عەقڵ بەشەوق و کەیف و ئارەزووی بێ ئەندازەوە بۆ حاسڵکردنی پلە باڵاکان بمێنێتەوە ، بتوانێ سەختیەکان ببەزێنێ و ، نەبێتە دیلی ڕەفتارو خووە سادەو ساکارەکان و چێژو لەزەتەکانیان .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close