جیهانهەواڵ

پزیشکیان: ڕێگە نادەین بێگانە دەستوەردان لە کێشەکانمان بکات

باسک نێت

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پەیامێکی ئاراستەی شەقامی وڵاتەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و تێیدا جەختی لەسەر پێویستی گوێگرتن لە دەنگی ناڕازی کردەوە.

پزیشکیان لە لێدوانەکەیدا وتی: “پێشوازی لە ناڕەزایەتییەکان دەکەین و بگرە بە نیعمەتی دەزانین.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی حکومەتەکەیەتی گوێ لەو ناڕەزایەتیانە بگرێت، بەڵام جیاکاری لە نێوان “ناڕەزایەتی” و “وێرانکاری”دا کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە تێکدان، کوشتن و سووتاندنی موڵکی گشتی بێزارە.

سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی نیشتمانی ڕاگەیاند و وتی: “هیچ ئێرانییەکی ڕاستەقینە چەک هەڵناگرێت بۆ کوشتنی ئێرانییەکی تر.” جەختیشی کردەوە کە سووتاندنی مزگەوت، هۆکانی گواستنەوە و موڵکی گشتی لە ڕەفتاری ئێرانییەکی دڵسۆز ناچێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پزیشکیان هێرشی کردە سەر ئەو لایەنانەی داوای هاوکاری لە وڵاتانی بێگانە دەکەن و وتی: “هیچ کەسێکی ئازاد داوا لە دوژمن ناکات بێت کێشەیەکی ناوخۆیی بۆ چارەسەر بکات.” ڕاشیگەیاند کە ئێرانییەکان دەتوانن خۆیان دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

پزیشکیان ئامادەیی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشاندا، بەڵام بە مەرجێک کە لە ڕێگەی “سووتاندنی ئەنقەست” و “بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست و چەواشەکارانە” نەبێت.

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close