
من چی بکەم بۆ غەززە ؟ !
پ.د. سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
لە ژوورە بچوکەکەتەوە ، لەسەر بەرماڵە سادەکەت ، کاتێک نێوچاوانت دەخەیتە سەرزەوی ، حیکمەتێک دەست پێ دەکات کە کامێراکان و شاشەکان نایبینن ، ڕۆژنامەکانیش ناینووسن و تۆماری ناکەن … تەنها ( کڕنووش و سوجدەیەک ) ی تۆ ، سوجدەیەک کە لە پەراوێزدا نیە ، بەڵکو ڕاستەوخۆ ئاراستەی ناوەندی بڕیارو کاریگەریی دەکرێت ، چونکە کاریگەریی بەهاتوو هاوار ناپێورێت ، بەڵکو بەوە دەپێورێت کە تۆ ڕووت تێکردووە ، خۆتت ئاراستە کردووە ، خۆتت تەسلیم کردووە ،
کاریگەریی واتە :
ئەو پاک و بێگەردی و ملکەچی و ئیخلاس و ڕاستگۆیی یەی کەلەدڵی تۆدا هەیە!!
لە تەرازووی ڕواڵەتیی عەقڵ و ژیریدا سوجدەکەی تۆ هیچ نیە تەنها کارێکی سنوورداری تاکەکەسی نەبێت کە لە بازنەی لاشەی چەماوەی خۆت تێناپەڕێت ، بەڵام لە ڕوانگەو تەرازووی قورئاندا ئەو سوجدەیە هەڵگری چەندان بابەت و دۆزو دۆسیەی گرنگ و هەستیارو مەترسیداری نەتەوەو گەل و وڵاتە و ، پەروەردگار بەهۆیەوە ئاراستەو کاروانی مێژووی پێ دەگۆڕێت!!
هەرکاتێ تۆ ڕووت کردە ئەو زاتە ، دوعاو نزاو پاڕانەوەکانیشت پاک و پوخت کردنەوەو ، بەشی نەفس و ڕێگریە دنیاییە باوەکانیشت لێ داماڵین ، ئەو سوجدە ئەوکات بێ یەک و دوو دەبێتە بەشێک لە ( سیستمی نەخشەو پلان و بەرنامەو بڕیاری خوایی ) و ، بەهۆی تۆوە خوا سەرکەوتن دەنێرێ ، شکۆ و سەربەرزیی دەگەڕێتەوە
..دڵنیابە نێوان سوجدەکەی تۆ و سەرخستنی براکانت لەوێ هەرگیز پانتایی و دووری جوگرافیا کاریگەریی نیەو نابێت ، ئەوەی کاریگەریی هەیەو کاریگەریی دەبێ تەنهاو تەنها لێبڕان و پاک و بێگەردی و ڕاستگۆیی تۆیە و هیچی تر ، دڵنیاش بە یاسا زەمینیەکان لە جیهانی ئەسباب و هۆکارەکاندا هەرگیز پێچەوانە نین لەگەڵ یاسا ئاسمانیەکاندا لە جیهانی قەبوڵ بوونی دوعاو پاڕانەوەکاندا !!
دەگونجێت هەندێ جار بەندەیەک خەڵک نەیبینێت، نەیناسێت ، هەستی پێ نەکرێت ، بەڵام ڕوو دەکاتە پەروەردگار ، سوجدە دەکاتە تاکە پەناگە ، قەڵا قاییمەکە ، پەروەردگاریش لە غەیب و نادیارییدا موعجیزەی بۆ دەخولقێنێت ، گەورەترین ئاسەوارو کاریگەریی بۆ دەسازێنێت ، کە هەزار کۆڕو کۆبوونەوەو نەدوە بۆی نەسازاندووەو نایسازینێت! سوجدەکەی تۆ ، پاڕانەوەو ملکەچیەکەی تۆ ، ڕاستگۆیی و ئیخلاسەکەی تۆ ، کاتێک بەتامی حەیاو شەرم تەڕ دەکرێن ، پاشەکشە نیە لە واقیع و بارودۆخەکە ، بەڵکو بەرجەستەکەری جوانترینی کاروکردەوەیە …
کاتێک لاشەی تۆ لە جووڵە بێ دەسەڵات و پەل و پۆ کەوتووە ، ئەوکات ڕۆڵی دڵ دێتە پێشەوەو تەنهاو تەنها هەر ئەو دەبێتە مەیدانی کاروکردەوەو دەستپێشخەریەکان !!




