
ئیسلامیەکان ناتوانن دەوڵەت بەڕێوە ببەن .. دەزانن لە بەرچی ؟!
پ.د.سەعید عەلی محەمەد ✍️ باسک نێت
شەش ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٧ / ٦ / ٢٠١٩ جیهانی ئیسلامی سەرۆکی شەهید ( موحەمەد مورسی ) لە دەستدا ! دوای تێپەڕ بوونی شەش ساڵ بەسەر لادان و لەسێدارەدانی سەرۆکێکی هەڵبژێرراو بەزۆرینەی دەنگی گەلەکەی ، سەرۆکێک کە خاوەن شەرەفمەندترین تۆمەتی دنیای نوێ و جیهانی هاوچەرخ بوو ( تۆمەتی تەلەفۆن و پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ) ، ئێستاکە هەموو مرۆڤێکی بەویژدان و حەق دۆست و ئازادیخواز ئەو ڕاستیە دەزانێ کە گەلانی ئیسلامی پیاوێکی ئازاو نەترس و بوێرو پاک و ڕەوشت بەرزیان لە دەستدا ..
سەرۆکێکی مێژوویی خەمخۆرو دڵسۆزو ڕاستگۆ و خاوەن هەڵوێست و شایستەیان خەسارەت کرد !! بەتایبەت دوای ئەوەی ئێستاکە هەموان بەچاوی خۆیان دەبینن وڵاتی میسرو بارودۆخی گەلەکەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کودەتاچی و عەسکەرتاریی و سیاسەتی ترس و تۆقاندن دا توشی چ چارەڕەشیەک و چ چارەنوسێکی تاریک بوونەتەوە !
ئەو ڕاستیەی کە من لەم یادەدا و لەم نوسینە کورتەدا دەمەوێ بیخەمە ڕوو بۆ خوێنەر ئەوەیە : کاتێک ئیسلامیەکان ناتوانن یان ڕێگەیان پێ نادرێ دەوڵەت بەڕێوە ببەن یان مومارەسەی سیاسەت و دەوڵەتداریی بکەن لەبەر ئەم هۆکارەی خوارەوەیە :
( وائل حەللاق )کە توێژەرو بیریارێکی بەناوبانگی جیهانی ئیسلامیە لە کتێبی ( الدولة المستحیلة ) دا دەڵێ :
لەم ڕۆژگارەدا و لە دنیای ئەمڕۆدا قورسە لەسەر ئیسلامیەکان بتوانن دەوڵەت ئیدارە بکەن و دەسەڵات بەڕێوە ببەن !!! چونکە ئیسلامیەکان خاوەن عەقیدەو باوەڕن و ، هەڵگری ئەخلاق و ڕەوشتی بەرزن و ، پەیڕەوی قورئان ئەکەن کە وەک دەستوور وایە لە لای ئەوان ، ئەو قورئانەش پڕیەتی لە بانگەواز بۆ بەزەیی و میهرەبانیی و دادوەریی و لوتکەی ئەخلاق و ڕەوشت !! جیهانی ئەمڕۆ و سروشتی دنیای ئێستاش لەگەڵ ڕۆح و جەوهەرو ناوەڕۆکی ئەو قورئانەدا نایەتەوە و ، پەیام و ئامانجەکانی نێو ئەو قورئانەش لەگەڵ تایپی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی ئێستای وڵاتاندا زۆر لەیەکەوە دوورن !!
فەرمانڕەوایانی ئێستای جیهان و ناوچەکە عەلمانی و لائیکین و ، بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیان لەسەرووی هەموو شتێکی ترەوەیەو ، جگە لە بەرژەوندیی دان بەهیچ شتێکی تری وەک :
خوا و
دین و
ئەخلاق و
مرۆڤایەتی دا نانێن!




