
جانتا تایبەتەکەی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە چێشتخانەیەک دزرا
باسک نێت
کریستی نۆئێم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا دەڵێت، لە یەکێک لە چێشتخانەکاندا جانتاکەم لێدزراوە.
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لەکاتی نانخواردن لە چێشتخانەیەک لە ناوەندی شاری واشنتۆن دی سی بووەتە قوربانی چاودێری دزێک.
دزییەکە لە کاتێکدا بووە کە وەزیرەکە خەریکی نانخواردن بووە لەو چێشتخانەیە و هێشتا پۆلیس نەیتوانیوە دزەکە دەستگیربکات و جانتاکە بگەڕێنێتەوە .
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە بڵاویکردەوە، دەزگای نهێنی کە ئاسایش بۆ نۆئێم دابین دەکات، پێداچوونەوەی بە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە چێشتخانەکەدا کردووە و بینیویەتی کەسێکی نەناسراو کە دەمامکی پزیشکی بەستووە، جانتاکەی دەدزێت و چێشتخانەکە بەجێدەهێڵێت.
دەشڵێت، دزەکە بە مۆڵەتی شۆفێری نۆئێم و دەرمان و کلیلی شوقەکەی و پاسپۆرتەکەیەوە هەڵهاتووە.
نەک هەر ئەوە، بەڵکو کارتی چوونە ژوورەوەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و جانتای ماکیاژەکەی سکرتێر و چەکی بانکیی و و نزیکەی ٣ هەزار دۆلاری کاشیشی لەگەڵ خۆی بردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دەزگای نهێنی لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بۆ بەدواداچوونی هەر جۆرە بەکارهێنانێک لە ئامرازە داراییەکانی نۆێم.




