
كەركوك بەپێی سەرژمێریی 1957 تۆمار دەكرێت
باسک نێت
حكومەتی عێراق داواكارییەكانی كوردی لەبارەی سەرژمێریی پەسەندكرد، كەركوك بەپێی سەرژمێریی 1957 دەبێت و نوێنەری هەرێم لە سەنتەری داتاكان لە بەغداد ئامادە دەبێت.
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی هات، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە باسكردن و بڕیاردان بوو لەسەر نیگەرانییەكانی كورد سەبارەت بە سەرژمێریی گشتیی كە لە 20ی ئەم مانگەدا دەستپێدەكات.
بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داواكارییەكانی كوردی پەسەندكردووەو بڕیاریداوە، ئەو كەسانەی كە خەڵكی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستورن، واتا ناوچە جێناكۆكەكان، لەسەر ناوچەكانی خۆیان تۆمار بكرێن، نەك ئەو ناوچانەی كە ئێستا تێیدا نیشتەجێن.
سەبارەت بە كەركوك كە یەكێك لە بابەتە هەستیارەكانە بەلای كوردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لە كەركوك هاوڵاتیان لەسەر بنەمای سەرژمێریی ساڵی 1957 تۆمار دەكرێن.
لە پاڵ ئەمەدا رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر ئەوەی، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە سەنتەری تۆماركردنی داتاكان لە بەغداد ئامادەیی دەبێت.




