
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارێک بەناوی دامەزراندنەوە فێڵی لە چەند هاوڵاتییەک کردووە و بڕی
350 ملیۆن دیناری لێ وەرگرتوون.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 4-9-2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست هێزەكانی پۆلیس لە بارەی تۆمەتبارێكەوە كە فێڵی لە چەند هاوڵاتییەك كردووەو بەناوی دامەزراندنەوە بڕی 350 ملیۆن دیناری لەو هاوڵاتییانە وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەرو بەئەنجام گەیاندنی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكان ، توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی چوارچراوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت.
ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا تۆمەتبار ( ب، ج، ر لە دایكبووی 1985 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لە هەریەك لە بنكەكانی پۆلیسی (بەكرەجۆ، سەرا، ئەزمەر و هەواری شار )فەرمانی گرتنی هەیە .



