
جێگری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، پێش کردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو مووچە دابەش نەکرێت، مامۆستایان بایکۆت دەکەن و ئەوانیش پشتگیرییان دەکەن.
باسک نێت
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکیدا گوتی، “مامۆستایان مافی خۆیانە داوای مووچە بکەن، ساڵی رابردوو بڕیاری سەرەتا و کۆتایی بۆ دەستپێکردن و شکاندنی بایکۆت لای مامۆستایان بووە و یەکێتییەکەشیان پشتگیرییان کردوون.”
عەتا ئەحمەد گوتیشی: ئەگەر لە هەفتەیەکەدا مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت دابەش نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە مامۆستایانی ناڕازی مافی خۆیانە بایکۆت بکەن، یەکێتیی مامۆستایانیش پشتگیرییان دەکات و لەوبارەیەوە هەڵوێستی دەبێت.
ماوەی 56 رۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە بەهۆی هەبوونی کێشە لەنێوان بەغداد و هەولێر لەسەر پرسی مووچە.
ئەمڕۆ 01-09-2024 یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوامە بۆ مامۆستایان، بەڵام هێشتا وادەی وەرزی نوێی خوێندن لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دیارینەکراوە




