
ئەمریكا پێشبینی دەكات لە 24 كاتژمێردا ئێران هێرش بكات
باسک نێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێشبینی ئەوەی كرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، ئێران هێرشی نەكرد، بەپێی قسەی ئەمریكا لە 24 كاتژمێری داهاتوودا هێرشەكە روودەدات، واشنتۆن لەپاڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بۆ سنورداركردنی هێرشەكەی ئێران، فڕۆكەو كەشتی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەكە دەكات.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەبارەی ئەگەری هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بە تەلەفۆن لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی جیهان قسەی كرد، یەكێك لەوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو.
بەپێی راپۆرتی سایتی (ئەكسیۆس) كە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانەوە بڵاویكردوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هاوتاكانی خۆی لە وڵاتانی گروپی حەوت ئاگادار كردووە لەوەی واشنتۆن پێیوایە ئێران لەماوەی 24 بۆ 48 كاتژمێری داهاتوودا هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل.
بلینكن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیدا باسی لە هەوڵەكانی ئەمریكا كردووە بۆ رێگریكردن لە هەڵگیرسانی جەنگ لەناوچەكە، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمریكا گەیشتوەتە ئەو باوەڕەی كە دوای كوژرانی دوو گەورە بەرپرسی حزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستینی لە هەفتەی رابردوودا، ئیتر هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بووە بە بژاردەیەك كە گەڕانەوەی نییە، لەم روانگەیەوە وتویەتی:” فشاركردن لە تاران بۆ سنورداركردنی هێرشەكەی باشترین رێگەیە بۆ خۆبەدورگرتن لە جەنگ لە ناوچەكە”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێشبینی ئەوەی كردووە، هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووبدات، بەڵام ئێران هێرشی نەكرد.
بەپێی قسەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سودانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكای وتووە: رێگریكردن لە پەرەسەندنەكانی ناوچەكە تەنیا بەندە بە راگرتنی دەستدرێژییەكان بۆسەر غەززەو رێگریكردن لە فراوانبوونی بۆ لوبنان و راگرتنی ناتانیاهۆو حكومەتەكەی و رێگری لە دەسەڵاتی داگیركەری زایۆنی لە دەستدرێژیی بۆسەر وڵاتانی ناوچە..
لەبەرامبەردا، وەكو نوسینگەی سەرۆك وەزیران باسی كردووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئارەزووی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ ئەوەی عێراق رۆڵی هەبێت لە كۆنترۆڵی بارودۆخەكە لە ناوچەكە.
ئەو بارودۆخەی دروستبووە، ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردنی ناچاركرد گەیشتی تاران بكات. سەردانەكەی لەچوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە بەردەوامەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیدایە لەوانە فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتالیاو میسر بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماسی فەلەستینی لە هێرشێكدا لە تارانی پایتەختی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئوردن داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران كردووە، كۆتایی بهێنن بە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە، ئەمە هەمان دواكاری وڵاتانی گروپی حەوتە.
هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هێرشی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد خاكی لوبنان بەجێبهێڵن.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بۆ سنورداركردنی هێرشەكەی ئێران، توانای سەربازی زیاتری خۆی لە ناوچەكە بڵاودەكاتەوە، لەوانە ناردنی پۆلی زیاتری فڕۆكەو كەشتییە جەنگییەكان، ئەمەش وەكو بەرپرسێكی كۆشكی سپی دەڵێ وەكو رێوشوێنێكی بەرگریی بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی ناوچەكە.
لەم چوارچێوەیەدا بڕیارە ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان كۆبوونەوە بكات بەمەبەستی قسەكردن لەبارەی پەرەسەندنەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دواتریش بایدن بە تەلەفۆن لەگەڵ شا عەبدوڵای پادشای ئوردن قسە دەكات.




