
روانگەی پەرلەمانیی:
پەرلەمانی عێراق لە چوار ساڵدا تەنها (294) كاتژمێر كاری كردووە
باسک نێت
روانگەی پەرلەمانیی عێراق ئاشکرای دەكات: بەرهەمی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق (2021-2025)، کەمترین كاری كردووە لە ساڵی 2010ەوە، بەجۆرێك لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا، تەنها 294 کاتژمێر كاری كردوە كە تەنها شەش کاتژمێر دەكات لە مانگێکدا.
روانگەكە لە راپۆرتێكدا، خولی ئێستای پەرلەمان بە لاوازترین خولی پەرلەمانی ناوبردووە بە بەراورد بە خولەکانی پێشوو، لە رووی ئەدای یاسادانان و چاودێری و پابەندبوون بە کاتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە: کاتەکانی کارکردن لە خولی دووەمدا نزیکەی ٩٩٣ کاتژمێر بووە، لەکاتێکدا خولی سێیەم ٨١٩ کاتژمێر تۆمارکراوە، ئەوەش بەو مانایەیە کە ئەدای ئێستا تەنها نزیکەی 30%ی چالاکییەکانی پەرلەمانە لە خولەکانی پێشودا.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشكردووە: ژمارەی دانیشتنەکان لە دانیشتنی ئێستادا (140 دانیشتنی ئاسایی، 6 دانیشتن نائاسایی، و 2 دانیشتنی راوێژکاری) بووە، کە کەمترینە لە ساڵی 2010ەوە، لەگەڵ پاشەكشێیەكی بەرچاو لە:
•ژمارەی خوێندنەوەی یەکەمی یاساکان کەمیکردووە بۆ تەنها ١٧٥.
•ژمارەی خوێندنەوەی دووەم بۆ ١١٦ کەمیکردووە.
•ژمارەی ئەو یاسایانەی دەنگیان لەسەر دراوە تەنها گەیشتە ٦٩ یاسایە، کە ژمارەیەکی زۆر کەمترە لە خولەكانی پێشوو.
سەبارەت بە رۆڵی چاودێریکردن، تەنها 10 میوانداریكردن تۆماركراوە، چوار پرسیاری زارەکی و دوو لێپرسینەوە تۆمارکراون، لە بەرامبەردا ژمارەیەکە زۆر زیاترە لە خولەكانی پێشوودا.
روانگەی پەرلەمانیی جەختی لەوە کردەوە، ئەم ژمارانە نیشاندەری مەترسیدارن بۆ دابەزینی ئەدای دەسەڵاتی یاسادانان، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە ئاستە جیاوازەکاندا روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە دامەزراوەی پەرلەمان ئاستی کارایی و بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەدای کارکردندا بەرز بکاتەوە.




